ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر: خاوەنی دووكانە سووتاوەكانی لەنگە قەرەبوو دەكرێنەوە

ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر: خاوەنی دووكانە سووتاوەكانی لەنگە قەرەبوو دەكرێنەوە
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆ دەبێتەوە و تێیدا داوا لە حكوومەت دەكات بە زووترین كات ئەو خەڵكەی زەرەرمەند بوونە لە سووتانی دووكانەكانی لەنگەی ھەولێر، قەرەبوو بكرێنەوە.

عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر كۆ دەبێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێكی گرینگی پێوەست بە ژیانی ھاووڵاتیانەوە دەكات، لەوانە پەلە بكرێت لە دابەشكردنی نەوت بەسەر ھاووڵاتیان و خاڵی دیكەیش ئەوەیە كە ھەر چەندە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری قەرەبووكردنەوەی خاوەنی دووكانە سووتاوەكانی لەنگەی داوە، بەڵام پێویستە پەلەی لێ بكرێت و ئالییەتێك دابنرێت و ئێمەیش داواكاریی ئەو خاوەن دووكانانەمان لایە و قسەی لەسەر دەكەین".

رەشید گوتیشی: "١٨٠٠ دووكان سووتاون لە لەنگەی ھەولێر و زیانی زۆری ماددیی ھەبووە، بۆیە خەڵكی زەرەرمەند دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو خەڵكە قەرەبوو دەكرێنەوە و ئێمە ھاوكار دەبین تاوەكو قەرەبوو دەكرێنەوە، چونكە زیانی زۆریان بەركەوتووە و لە ھەر شوێنێك بەربەست دروست بێت، دێینە سەر خەت".

دەشڵێت: "پێشنیاز دەكەین بۆ ئەمساڵ و ساڵی دابێ حكوومەت لە باجی خزمەتگوزارییەكانی ئەو خەڵكە خۆش بێت و دووكانەكانیشیان بە شێوەیەكی مۆدێرن بۆ دروست بكەنەوە لەسەر ئەركی حكوومەت و لیژنەیەك بۆ بازاڕەكانی دیكەیش دروست بكرێت، كە چێكی وایەرەكان بكات و رێكیان بخات، چونكە ئەوان ھۆكاری دروستبوونی ئەو ئاگرانەن، بۆ ئەوەی ئاگری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە".
kdp-
Top