گۆڕان: داھاتی نەوت لە سلێمانی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی تاڵەبانی

 گۆڕان: داھاتی نەوت لە سلێمانی دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی تاڵەبانی
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەدات، ھێشتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بەسەر داھاتی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانیدا گرتووە و داھاتەکەش ”دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی تاڵەبانی“.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "یەکێتی دەستی بەسەر داھاتی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی گرتووە و ئامادە نییە داھاتی نەوت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە خەرج بکات“.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی خستە ڕوو، ماوەیەکی زۆرە بیرە نەوتەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بەرھەمیان زیادی کردووە، بەتایبەتی لە دەڤەری گەرمیان، ”بلۆکی نەوت ھەبووە پێشتر نۆ ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم ھێناوە، بەڵام ئێستا ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت“. گوتیشی: ”بەھۆکاری ئەوەی کە یەکێتی لەپارێزگای سلێمانی دەستی ڕەھای ھەیە و ھەموو کۆمپانیاکانی کاردەکەن، داھاتی ئەو نەوتە دەچێتە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانی“.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو کەیسانەی پەیوەستن بە داھاتی نەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەوڵ دەدەن ئامار و داتای گرنگیان لەبارەیانەوە دەست بکەوێت، تاوەکوو لە پەرلەمانی عێراق بیانجووڵێنن، چونکە ”ناکرێ بنەماڵەی تاڵەبانی داھاتی نەوت بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و خەڵکی شاری سلێمانی سوودمەندی ئەو نەوتە نەبێت“.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، دووپاتی کردەوە: ”ئەگەر داھاتی نەوتی سلێمانی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی تاڵەبانی نەبێت، یان لە دەستێکی ئەمیندا بێت، ئەوان دەتوانرێ بە داھاتی ئەو نەوتە مووچەی فەرمانبەران بدرێ، ھەروەھا دەتوانرێ نەوتی سپی بۆ خەڵک دابین بکرێ، بەڵام تاوەکوو داھاتی نەوت لە خزمەتی بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێت، خەڵکی سوودمەندی لێ نابینن“.












باسنیوز
Top