خێزانێکی عەفرین بەهۆی تەقینەوەیەکەوە گیانیان لەدەست دا
سەرچاوەیەک لە عەفرینەوە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 22/10/2018، خێزانێک، کە لە دایک و باوکێک و کوڕێک پێکهاتبوو، هەوڵی هەڵاتنیان لە عەفرین دەدا بۆ حەلەب، بەڵام لەڕێگادا مینێک پێیاندا تەقییەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی تەقینەوەی مینەکەوە، (محەمەد برۆ) و (تۆڵی)ی هاوسەری و (جان)ی کوڕیان شەهید بوون.
ئەو خێزانە عەفرینییە بەهۆی ستەم و داگیرکاریی میلیشیاکانی سوپای ئازادی سەر بە تورکیا هەوڵیان دا شارەکەیان بەجێ بهێڵن، بەڵام لەڕێگادا شەهید بوون.
پێشتر ئەو گرووپە توندڕەوانەی سوپای ئازاد محەمەد برۆیان رفاندبوو، بەڵام بە دانی بڕی دوو ملیۆن لیرەی سووری (3900 دۆلار)، ئازاد کرابوو.
دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لەلایەن سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا، چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکانی سوپای ئازاد دەستیان بە هەڵمەتی گرتن، ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییانی کورد کرد.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 18/3/2018، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی سوپای ئازاد دەستیان بەسەر عەفریندا گرت.
باسنیوز
