سەرکردەیەکی یەکگرتوو وەڵامێکی توندی سۆران عومەر دەداتەوە

 سەرکردەیەکی یەکگرتوو وەڵامێکی توندی سۆران عومەر دەداتەوە
سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەڵامێکی توندی سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوە و پێی دەڵێت، ”خۆزگە ئەوەی بە .... دەیکەی ... بتکردایە“.

ئوبەبکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وەڵامی چەند لێدوانێکی سۆران عومەر، سەرۆکی لیستی کۆمەڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە.

لە وەڵامەکەیدا، ئەبوبەکر هەڵەدنی رایگەیاندووە، سۆران عومەر لە یەکەم شەوی بانگەشەدا، لەجیاتی ئەوەی بەرنامەی لیستەکەی بخاتە روو، هێرشی کردووەتە سەر یەکگرتوو و گوتوویەتی، ”ئێمە وەک ئەوانە نین کە فراکسیۆنەکە بکەین بەدوو لەتەوەو یان وەزیرەکانمان هێشتا دەوام وئیمزا بکەن.

هەڵەدنی بە ئاماژەکردن بە دانانی ”پەرژینێکی قایم“ـەوە، هیوای خواستووە و بە سۆران عومەر دەڵێ، ”خۆزگە ئەوەی بە.... دەیکەی بە ..... بتکردایە“.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە ئاماژەکردن بەوەی حزبەکەی بڕیاری داوە بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نەکات، رایگەیاندووە، یەکگرتوو ”لەمەودوا لەبواری کاری سیاسیدا بەمانای ووشە (سیاسەت ) دەکات وچی دی کوڕی خۆی بەقوربانی کچی خەڵک ناکات،ئەو زەمەنە گوزەشت بەبالۆرەی یەکڕیزی ویەکخستنی ناوماڵی کوردی وبرایەتی خۆمان بکەینە (کبش الفدا), لەمەودوا هەرکەس ووتی سندان قوزەڵقورت ئامادەیە“.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پێی وایە ”هێشتا کۆمەڵگای کوردی پێویستی زۆری بە نەهج و پەروەردەی یەکگرتوو هەیە و تا ئێستا جێگرەوەی یەکگرتوو پەیدا نەبوە“ و رایگەیاندووە، کە لەوە دڵنیایە، لە رۆژانی داهاتوودا ئەوانەی ”بە چەواشەکاریی خەڵەتان“ تووشی ئازاری ویژدان دەبن و پەشیمان دەبنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوانەی دەنگیان بە کۆمەڵی ئیسلامی داوە، کە ئەو حزبە ”پێشڕەوی ئەم هێزە ئسڵاحیەیان ڕاگرت“.

هەڵەدنی گلەیی لەو هێزانەش دەکات، کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن و لە ناو دەنگدەراندا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو دەکردەوە، کە یەکگرتوو پاشکۆیە و هەوڵی گەیشتن بە ئاستی یەکگرتوویان دەدا و ”بەو ئامانجەش گەیشتن“.
Top