ھۆشیار سیوەیلی: دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان، دەست بە گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی حكوومەت دەكرێت
ھۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لەلایەن دادگاوە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و، ھەڵوێستی پارتییش ڕوونە و ھێڵی سووری بەرانبەر بە ھیچ لایەنێكی سیاسی نییە، هەروەها شێوازی پێكھێنانی حكوومەتیش بەپێی ئەو بنەمایە دەبێت كە لایەنەكان چۆن دێنە پێشەوە بۆ گفتوگۆكردن لەو بارەیەوە".
سیوەیلی گوتیشی: "پارتی دەرگای بۆ ھەموو لایەنەكان كراوەیە، بەڵام شێوازی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان لە كابینەی ھەشتەمدا لە بەرچاو دەگیرێت و، پارتییش ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ھەموو لایەنەكاندا، بۆیە ھیوادارین لایەنەكانی دیكەیش بەو شێوەیە بن بۆ ئەوەی حكوومەتی داھاتوو، حكوومەتێكی سەقامگیر بێت و بە زووترین كات دروست بكرێت".
دەشڵێ: "ئەم جارە گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكاندا بۆ پێكھێنانی حكوومەتی تازە، بەپێی قەبارە و ژمارەی كورسیی لایەنەكان دەبێت، چونكە ئەزموونی ڕابردوو زۆر سەركەوتوو نەبووە، بۆیە پێویستە ئەم جارە ھەر لایەنێك بەپێی قەبارەی خۆی بەشداری بكات، بۆ ئەوەی حكوومەتی دابێ، حكوومەتێكی سەقامگیر بێت و بتوانێت خزمەتێكی باشی خەڵكی كوردستان بكات".
kdp-
