یەکێتی لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی پارتی هەیە

 یەکێتی لەبارەی قوباد تاڵەبانییەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی پارتی هەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، دانانەوەی قوباد تاڵەبانی لە هەر پۆستێکدا لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێویستی بە ڕەزامەندیی پارتی هەیە و هەر ئەو حزبەش بڕیار لەسەر ”گونجاویی کەسەکان“ بۆ پۆستەکان دەدا.

فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕايگەیاند: "ھەموو حزبەکان دەبێ لە ماڵی خۆیان دابنیشن و لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت پارتی خۆی دەبێ بچێ سەردانیان بکات، ئومێد دەکەم نە پارتی و نە لایەنی دیکە بیر لە پێکھێنانی حکوومەتی بنکە فراوان نەکەنەوە، چونکە پێشتر ئەزموون کراوە و فەشەلی ھێناوە".

لەبارەی لێدوانەکانی بەرپرسانی یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، بەشارەتی ڕای گەیاند: ”یەکێتی حەقیەتی خۆی دەربخات، بەڵام دەبێ تێبگات خۆی چەند کورسیی ھەیە و پارتیش چەند کورسی ھەیە، ڕوونیشی کردەوە کە ئەوەی یەکێتی دەیڵێت، ئەوەیە کە دەیەوێ ئەنجامی دەنگی خەڵکی کوردستان بێ بایەخ بکات، بەڵام بەپێی ئەو دەنگەی کە خەڵک بە لایەنەکانی داوە، ھەمووان حەقی خۆیان وەردەگرن“. گوتیشی: ”پارتی بڕیار دەدات چۆن حکوومەت پێکبھێنرێت و کۆبوونەوە لەگەڵ لیستەکان لەمبارەیەوە دەکات".

لەبارەی دانانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشارەتی ئاشکرای کرد: ”نە قوباد تاڵەبانی و نە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و ھیچ پۆستێکی دیکە، نابێ لایەنەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن، بەڵکوو دەبێ کاندیدیان بخەنە پێش پارتی، پارتیش بڕیار بدات کە ئایا ئەم کەسانە گونجاون یان نا“.












باسنيوز
Top