كۆكردنه‌وه‌ی بنێشتی كوردی لە گوندەواری پشدەر

كۆكردنه‌وه‌ی بنێشتی كوردی لە گوندەواری پشدەر
دارەبەن کە هەم قه‌زوان و هەمیش بنێشت بەرهەم دێنێ، له‌ چیاكانی سنووری پشده‌ردا هه‌یه‌ و هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و گونده‌كانی بناری قه‌ندیل به‌تایبه‌تی، جگە لە قەزوان، بنێشتی كوردییشی لێ چنگ دەخەن.


عوسمان ره‌سووڵ، یه‌كێكه‌ له‌و جووتیارانه‌ی ساڵانه‌ له‌ كوێستانه‌كانی بناری قه‌ندیل، خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی بنێشتی كوردییه‌ و"سەرەتا دەبێ خۆڵێکی گونجاو ئامادە بکەیت و چینی سەرەوەی لابدەیت پاشان بەشی ژێرەوەی ببێژیتەوە و باش بیشێلیت و ببێتە قوڕ، بۆ ئەوەی دارەکە بە باشی بیگرێت".


گوتیشی: ”پاش ئامادەبوونی قوڕەکە، دەست دەکەین بە بریندارکردنی دارەکان، کە پێی دەگوترێت (لەلەکردن)، دوای ماوەیەک دووبارە دارەکە زامدار دەکرێتەوە، ئەمەش پێی دەڵێن (دوولەلە)، پاش تەواوبوونی ئەمەش، دەست دەکەین بە دروستکردنی (کۆچەڵە) لە قوڕە گیراوەکە و لە شوێنی بڕینی دارەبەنەکەی دەدەین، بۆ ئەوەی بنێشتەکە بڕژێتە ناوی، لەدوای ئەوە، سێ بۆ چوار ھەفتە چاوەڕێ دەکه‌ین، بۆ ئەوەی کۆچەڵەکە پڕ ببێت لە بنێشت و دواتر لە کاتێکی فێنکدا، كه‌ وا باشترە بەیانییان پێش دەرکەوتنی خۆر بێت، بنێشتەکە لە کۆچەڵەکان دەگرین و بەتاڵیان دەکەین".


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بنێشت به‌رهه‌مێکی خۆماڵییه‌، كۆمه‌ڵێك سوودی ته‌ندروستیشی هه‌یه‌، كه‌ به‌سووده‌ بۆ ساڕێژكردنی ئازاری برینی گه‌ده‌ و ئازاری شوێنی سووتاو، به‌ دانانی كه‌مێك بنێشت له‌سه‌ر شوێنە سووتاوه‌كه‌.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عەلی ره‌سووڵ، وەستای کوڵاندن و ئامادەکردنی بنێشت بۆ (باس) گوتی: "کاتێک بنێشتەکە لێ دەکرێتەوە، پاڵفتە دەکرێت و دەست دەکه‌ین بە کوڵاندنی بنێشتە تاڵەکە، ئەوەش شێوازی خۆی ھەیە و دەبێ مەنجەڵێکی گەورە بێنی و بۆ ھەر یەک کیلۆ نزیکەی ٨ لیتر ئاوی پێویستە".


گوتیشی: لە کوڵاندندا دەبێ شارەزایت ھەبێ، بۆ ئەوەی ڕەق نەبێ، یان نەلکێ بە دانه‌وه‌ و بنێشتێکی نەرم بەرھەم بھێنرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت نزیکەی یەک سەعات بكوڵێندرێت، تا ڕەنگی سپی دەبێتەوە و دێتە سەرەوە، پێنج دەقە جارێک تێکی ده‌دەین و دواتر بەتەواوی ئامادە ئەبێت".


هه‌موو ساڵێك له‌ سه‌ره‌تاى مانگى 6 تا كۆتایی مانگى 8، وه‌رزى به‌رهه‌مهێنانى بنێشتى كوردییه‌ له‌و شاخانه‌ى كه‌ دارەبەنی لێ دەڕوێ.


شاره‌زایه‌كی ئابووریش رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر بێت و له‌ كوردستان شوێنێك بۆ ساخكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می بنێشتی كوردی دروست بكرێت، ده‌توانرێت داهاتی ناوخۆی وڵاتی پێ زیاد بكرێت.


سابیر حەسەن، شاره‌زایه‌كی ئابوورییە و باسی لە گرنگیی بوژانەوەی دۆخی ئابووری کرد، لە ڕێگەی ئەم بەرھەمەوە و بۆ (باس) ڕای گەیاند: "دەتوانرێت لە ساڵێکدا ٥۰۰ تەن بنێشتی کوردی لە ھەرێمی کوردستاندا بەرھەم بھێنرێت، ئەگەر بێت و کارگەیەکی تایبەت بە بنێشتی کوردی ھەبێت و دڵنیاییەک ھەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ساڵانە، دەتوانرێت داھاتی ناوخۆی پێ زیاد بکرێت و ئەوکات لەجیاتی ھاوردە، دەتوانرێت بنێشت ھەناردە بکرێت".


داره‌به‌ن یه‌كێكه‌ له‌و درەختە گرنگ و به‌ بایه‌خانه‌ى كه‌ به‌ رووبه‌رێكى به‌رفراوان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى كوردستاندا و له‌ ناوچه‌ى پشده‌ریشدا له‌ گونده‌كانى (سه‌رچیا و دۆڵه‌گۆم و سه‌رته‌ك و بنارى ئاسۆس و باوزێ و گرده‌ ره‌ش و ماوه‌ت و ...هتد) ده‌ڕوێت و خواستێكی زۆریشی له‌سه‌ره‌
bas news -
Top