یەکێتی ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکا

 یەکێتی ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکا
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، سکاڵا لە دژی ئەو لایەنانە تۆمار دەکەن کە حزبەکەی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن.

ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند: ”ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن بووین، ئێستاش کە ئەنجامەکان دەرچوون، دەبێ ئێمە کۆبوونەوە بکەین و بڕیاری لەسەر بدەین“.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روونیشی کردەوە: ”لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا کە چ لە عێراق یان دەرەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەی دەنگ کەم دەھێنن، دەست بە تۆمەت بەخشین دەکەن، نازانم ئەو لایەنانەی کە ڕەخنەیان ھەیە کە کۆمەڵ، یەکگرتوو و گۆڕانن، خۆ نوێنەریان لە کۆمیسیۆنیش ھەیە، ئەگەر ساختەکاری کراوە، بۆ نوێنەرەکانیان قەبووڵی دەکەن؟ ئەی بۆ کار لەو دەزگایە دەکەن؟“.

رزگار عەلی ئاشکرای کرد، کە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی سکاڵا لە دژی ئەو لایەنانە تۆمار دەکات کە بە ساختەکاریکردن تۆمەتباری دەکەن.

لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە شارۆچکەی کۆیەی سنووری پارێزگای هەولێر و لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) و ئیدارەکانی (ڕاپەڕین و گەرمیان)، ساختەکارییەکی گەورەی ئەنجام داوە.











باسنیوز
Top