ئەو كۆمپانیانەی ھاوكاریی بەعسیان كردووە بۆ كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە، دادگایی دەكرێن

	 ئەو كۆمپانیانەی ھاوكاریی بەعسیان كردووە بۆ كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە، دادگایی دەكرێن
بڕیارە لە كۆتایی مانگی دابێ، ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتیی جیھان بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە كاتی ئەنجامدانی كارەساتی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجەی شەھید دادگایی بكرێن، پارێزەرێكی كەیسەكەیش دەڵێ، لە كاتی ساغبوونەوەی تاوانەكەدا، سزا بەسەر ئەو كۆمپانیانەدا دەسەپێندرێت.

لە رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆكە جەنگییەكانی حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بە چەكی قەدەغەكراو ھێرشیان كردە سەر شاری ھەڵەبجە و، لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنجھەزار ھاووڵاتیی سڤیل بە ھۆی بەكارھێنانی چەكی قەدەغەكراو شەھید بوون و ژمارەیەكی لەوە زیاتریش بریندار بوون.

ئەیاد كاكەیی، پارێزەری كەیسی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەمان لە بەسەردەستن كە رژێمی لەناوچووی بەعس بە ھاوكاریی ھەندێ كۆمپانیا و كەسایەتیی جیھانی ئەو كارەساتەی ئەنجام داوە، لەبەر ئەوەش ماوەیەكە سەرقاڵی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكانین و ژمارەیەكی بەرچاو بەڵگەنامە كۆ كراونەتەوە".
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێستا ئێمە لە وڵاتی ئوردن خەریكی خۆئامادەكردنین بۆ دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیایانە و لە دادگای ھەڵەبجە سكاڵامان لەسەر ٢٥ كۆمپانیا تۆمار كردووە بە ناوی قوربانیانی كارەساتی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، دادگایش بانگھێشتی ھەموو ئەو لایەنانەی كردووە و پێویستە لە كاتی خۆیدا لە بەردەم دادگادا ئامادە بن".

كاكەیی، ئەوەشی خستە ڕوو: "بڕیارە یەكەم دانیشتنی دادگا لە رۆژی ٢٧ی مانگی دابێ بەڕێوە بچێت و لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو كۆمپانیا داواكراوەكان ئاگادار كراونەتەوە و فەرمانی دادگایان بۆ نێردراوە".

دەشڵێ: "كەیسی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە بە جینۆساید ناسێندراوە و لەگەڵ ساخبوونەوەی تۆمەتەكان، سزای ھەموو ئەو كۆمپانیا و كەسایەتیانە دەدرێت كە ھاوكاریی رژێمی سەددام حوسێنیان كردووە و پێویستە قەرەبووی خەڵكی ھەڵەبجەیش بكرێتەوە، كە ئێمە دڵنیاین لەو كەیسەدا براوە دەبین و بۆ جیھان دەیسەلمێنن چەكی قەدەغەكراو بە ھاوكاریی خەڵكی دیكە بەرانبەر بە خەڵكی سڤیلی كوردستان بەكار ھێنراوە".
kdp -
Top