عەلی حوسێن: شاندی باڵای پارتی بۆ دوو مەبەست سەردانی بەغدای کردووە

	 عەلی حوسێن: شاندی باڵای پارتی بۆ دوو مەبەست سەردانی بەغدای کردووە
دوێنێ شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی و، عادل عەبدولمەهدی و حەلبووسی کۆ بوونەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتیش، ئەو سەردانە بە گرینگ وەسف دەکات و، دەشڵێ، پارتی دەرگای واڵایە بۆ گفتوگۆ لەسەر بناغەی ڕێککەوتن و یەکئاڕاستەیی.




عەلی حوسێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ دوو مەبەستە؛ یەکەم بۆ کاروباری ئێستای هەرێم و ناوەند، دووەمیش گفتوگۆکردنە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر چۆنییەتیی پێکێنانی کابینەی نوێ، چوونی جێگری سەرۆکی پارتیش گرنگیی خۆیی هەیە و دەتوانێت گفتوگۆکان ئاسانتر بکات".




بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دەڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر متمانەیان پێ داوە، لە بەغداش پێگەیەکی بەهێزی هەیە، گەر بەراوردی حزبەکانی دیکەی عێراقی بکەیت، پارتی هێزی یەکەمە، ئەوەش وای کردووە، پارتی حیساب بۆکراو بێت."



لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، چەندین گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کردووە، ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجامیان داون، جەختکردنەوەیان بووە لەسەر شێوازی حوکمڕانیی پێشتر و پێداگربوون و دەشبن لەسەر هەرسێ بنەمای بەشداری و ڕێککەوتن و هاوسەنگی، کە دەبێ لەم کابینە نوێیەدا ئەو سێ بنەمایە هەبن، تێبینی و ئالییەتیشیان داوەتە لایەنەکان کە بە پێی دەستوور لە دەورەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەر سەدلەسەدیش نەبێ بتوانن بەشێکی کێشەکان چارە بکەن.



عەلی حوسێن جەختیش لە هەوڵەکانیان دەکاتەوە، کە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا کار دەکەن، لە پێناو دروستکردنی ئاراستەیەکی کوردستانی، کە "ئەوەش ئامانجی پارتییە".


پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە تێبینیی زۆری لەسەر ئەدای حوکمڕانیی دوای پرۆسەی ڕزگاریی عێراق هەبووە، هاوکات لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیرانە یەک لە دوای یەکەکان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی، ڕوونی دەکاتەوە، ئەو کەسانە لە سەردەمانی ئۆپۆزسیۆنبوونیاندا دۆستی کورد بوون، کە ئێمە لە قۆناغی شۆڕشدا بووین، پێشی وایە هەڵکەوتەی عێراق بە شێوەیەکە، کە هەمیشە کۆمەڵێک گرفت دروست بوون و بوونەتە هۆی ناکۆکی.

لەسەر عادل عەبدولمەهدی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، ناوبراو پێی وایە: ئەویش دۆستی کورد بووە و پەیوەندیی باشی لەگەڵ کورد هەبووە، وەک ئەوانەی دیکە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە بە ڕای ناوبراو عادل عەبدولمەهدی شارەزایە لە مێژووی کورد و دۆستایەتیی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراقدا هەیە و لە حزبێکی دیکەشدا نییە، بەڵکو بە ڕێککەوتنی لایەنەکان بە کوردیشەوە داندراوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، نەک قەوارەیەکی دیاریکراو داینابێت و ئەجێندای ئەو لایەنە جێبەجێ بکات، "بۆچوونمان وایە بتوانێت دەورێکی ئەرێنی بگێڕێت".



لەمەڕ چۆنییەتی دابەشکردنی پپۆستەکانیشەوە، عەلی حوسێن ڕوونی دەکاتەوە: "بە پێی سەنگ و پشک دەبێت، کە چەند کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە، مەبەستی پارتیش پۆست نییە، ئەوەندەی گرنگە لامان چۆن دەتوانین لە ڕێی ئەو پۆستانەوە خزمەت بکەین، لەویش گرنگتر، چاومان لەوەیە کە سەرۆکی حکوومەتی داهاتوو، تا چەند بە پێی دەستوور مافە دەستوورییەکانی کورد جێبەجێ دەکات."



لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، دوورکەوتنەوەیەک لە نێوان لایەنەکانی کورددا بەدی دەکرێت، لە کاتێکدا ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی عێراق، لە کاتێکدا لایەنەکانی کورد پەرت و بڵاوییەکیان پێوە دیارە. بەرپرسی پەیوەندییەکان لەوبارەیەوە پێی وایە: "ئەوەی گرنگە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا خاڵی هاوبەش لە ناو لایەنەکانی کوردستاندا دروست بێت، تا بتوانن ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ کێشە چارەنەکراوەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت."

ناوبراو لەبابەت لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانی کوردستان لە هەرێم، نایشارێتەوە، کە پێشتر پەیوەندییەکان وەک پێویست نەبوون و ڕەچاوی ڕێککەوتنەکان و پێگەی لایەنەکان وەک پێویست نەکراوە، پێشی وایە پارتی بەرپرسە و خەڵکی کوردستان متمانەی پێ داوە و لەو بەرپرسیارێتییەش ڕا ناکات، دەبێت لایەنەکانی دیکەش ڕەچاوی پێگەی خۆیان و ڕای خەڵکی کوردستان بکەن.


بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی نایشارێتەوە، کە هەمیشە دەرگایان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکاندا ئاوەڵایە، بەڵام بەو پێیەی بناغەیان هەبێت بۆ کارکردنی داهاتوومان، نەک ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت و دواتر ئاراستەی ڕێککەوتنەکە بگۆڕدرێت و پێچەوانە کار بکرێت، هەر ئەوەش بووە، کە زیانی بە دەسکەوتەکانمان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە بووەتە هۆی ئەوەی لایەنی دیکەی دەرەوەی کوردستان سوودی لەو دۆخە وەرگرتووە.
kdp-
Top