خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێک خست

 خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێک خست
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨⁄١٠⁄٢٠١٨ خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی ددانی سەر بە زانکۆی سلێمانی دژی کردنەوەی زانکۆی ئەھلی و دانەمەزراندنیان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیان ڕێک خست.

سایە ئیسماعیل، نوێنەری خوێندکارانی قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکی ددان ڕايگەیاند:" خۆپیشاندانی کۆلێژی پزیشکیی ددان لە سێ خاڵی گرنگدا خۆی دەبینێتەوە، خاڵی یەکەم ئەوەیە کە خوێندکارانی ساڵانی ڕابردوو تەخەڕوجیان کردووە، بەڵام تا ئێستا دانەمەزراون، لە کاتێکدا دەبوایە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فشاری بهێنایە بۆ ئەوەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی دابمەزرێن".

ڕاشی گەیاند: "خاڵی دووەمی هۆکاری خۆپیشاندانەکەمان ئەوەیە ئێمە ھیچ کەرەستە و مەوادێکمان نییە کە تەلەبە بتوانێ کار بۆ نەخۆشەکان بکات، ھەروەھا خاڵی سێیەم ئەوەیە زانکۆی ئەھلی دەکرێتەوە و بەشی کۆلێژی پزیشکی ددانی تێدایە لە کاتێکدا ئێمە خوێندکاری تەخەروجمان ھەیە، بەڵام دانەمەزراون".

ئەو خوێندکارە گوتیشی: "کۆلێژی پزیشکی ئاستێکی بەرزە و پێویستی بە نمرەیەکی بەرز ھەیە، بەڵام ئەگەر کەسێک بە پارە بتوانێ ئەو بڕوانامەیەی ئێمە بەدەست بھێنێت لە دواییدا ناتوانێت ئەو کارە بکات کە خوێندکارێکی چالاک و زیرەک ئەنجامی بدات".

نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی ددان ئاماژەی بەوەشدا:" داواکارین ئەو خوێندکارانەی کۆلێجی پزیشکی ددانیان تەواو کردووە، مافی دامەزراندنیان ھەبێت، چونکە ناکرێ ئەوانەی لە زانکۆی ئەھلی وەردەگیرێن، پێش ئێمە دابمەزرێن".










باسنيوز
Top