لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا

 لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد و دەستیشیان گرت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دزراودا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/10/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پاش ئەوەی عەمید سالار عەبدوڵا محمد عەلی، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاگاداری بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی کرد کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری سکانیا ژمارە (12011 - دھۆک) دزراوە و بەرەو سلێمانی ھێنراوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/10/2018 بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی زانیاری تەواوی دا بە ھێزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و لەماوەی 15 خولەکدا توانرا ئۆتۆمبێلەکە دەستی بەسەردا بگیرێت و شۆفێر و ئۆتۆمبێلەکەش ڕادەستی بنکەی پۆلیسی چوار چرا کرا".

ئاماژە بەوەش دراوە کە ئێستا لەلایەن بنکەی پۆلیسی چوار چراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و بە فەرمانی دادوەر دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا و شۆفێرەکەشی بەناوی (ع، م، ج) لەدایکبووی ساڵی 1962، کە بە ڕەگەز کوردە و دانیشتووی شاری بەغدا بووە، ڕاگیراوە.











باسنيوز
Top