لێژنەی فەتوا لەبارەی یاریی (پەبجی) کۆ دەبێتەوە
د. عیرفان شەریف، سەرۆکی لێژنەی فەتوای سلێمانی ڕايگەیاند: "جارێ ئێمە نازانین یاریی (پەبجی) حەرامە یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئەگەر یارییەک ببێتە ھۆکاری داگیرکردنی کاتەکانی مرۆڤ ئەوا دەچێتە چوارچێوەی شتی پڕوپووچەوە، بێگومان ئەگەر شتی پڕوپووچ مرۆڤ ئاڵوودە بکات، یان لەخوێندنی بکات، یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کاڵ بکاتەوە و لە کارکردنی بکات، ئەو کاتە لە چوارچێوەی کارێکی حەرامدا ھەژمار دەکرێت".
گوتیشی: "ناتوانین بەشێوەیەکی ڕەھا بڵێین، یاریی (پەبجی) حەرامە، بەڵام ئەگەر بەکارھێنەرێک ڕۆژی 20 خولەک ئەو یارییە بکات، حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر گەنجێک تەواوی کاتەکانی بۆ ئەو یارییە تەرخان بکات، یان بەھۆی ئەو یارییەوە لەگەڵ ھاوڕێکانی دووچاری شەڕ و کێشە بێت، لەبارەی ئەو کەسانەوە دەتوانین بڵێین ئەو یارییە حەرامە".
سەرۆکی لێژنەی فەتوای سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر یاریی (پەبجی) لەنێوان دوو کەسدا بردنەوە و دۆڕاندنەکەی لەسەر پارە بێت، دەچێتە خانەی قومارەوە، بێگومان قومار لە شەرعی ئیسلامدا حەرامە".
باسی لەوەش کرد کە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو 24/10/2018، لێژنەی فەتوا لەسەر یاریی (پەبجی) کۆ دەبێتەوە و بڕیارێک لەسەر ئەو یارییە دەردەکرێت".
یاریی (پەبجی) ساڵی 2017 لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوورەوە بەرھەم ھێنراوە، نزیکەی 30 ملیۆن بەکارھێنەری ھەیە، یارییەکە باسی ژمارەیەک بەکارھێنەر دەکات، کە لە شوێنێکی فراواندا بەدوای چەک و تەقەمەنیدا دەگەڕێن.
باسنيوز
