کەمال کەرکووکی: کۆسرەت ڕەسوڵ گوتی خیانەتمان لێکراوە و لە پشتەوە لێمان دەدەن
دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی پێشووی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک کە بە درێژایی ساڵانی شەڕی داعشدا هێزەکانی لە سنوورەکەدا جێگیر ببوون، ئاشکرای کرد کە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، چووەتە لای کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەگەڵ هێزێکیدا لە کەرکووک بووە و پرسیاری کردووە کە ئاخۆ ئەوان شەڕ ناکەن، بەڵام ”کۆسرەت ڕەسوڵ پێی گوتم، ئێمە شەڕ دەکەین، بەڵام خیانەتمان لێکراوە و لە پشتەوە لێمان دەدەن“.
کەمال کەرکووکی لە میانی بەرنامەیەکی دۆکیۆمێنتاریی کەناڵی (کوردستان ٢٤)دا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دوای کۆسرەت ڕەسوڵ، پرسیاری لەبارەی هۆکاری پاشەکشەی هێزەکان لە شێخ جەعفەر، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگەی یەکێتی کردووە، لە وەڵامدا شێخ جەعفەر داوای کردووە پرسیار لە وەستا ڕەسوڵ بکەن.
بەرپرسی پێشووی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک دەڵێت: ”لە وەستا رەسوڵمان پرسی ئەمە چۆنە؟ گوتی عێراق هەزار دەبابەی هێناوە و ئێمە شەڕی دەبابەمان پێ ناکرێ. منیش گوتم عاجز مەبن، ئێوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی و حەشد و سوپا و ئەمریکا ڕێککەوتوون. وەستا ڕەسوڵ پێی گوتم، لەگەڵ حاجی ئەکبەر و قاسم سولەیمانی و حەشد و سوپای عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتووین“.
ڕوونیشی کردەوە کە لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ فەرماندەکەی یەکێتی، وەستا رەسوڵ ئاشکرای کردووە کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەڵێن دراوە کەرکووک ڕادەستی یەکێتی بکرێت. دووپاتیشی کردەوە: ”پێم گوتن ڕاست ناکەن و دەتانخەڵەتێنن، بەڵام وەستا رەسوڵ گوتی نامانخەڵەتێنن. تەنانەت گوتی فیرقەی ٩ی مودەرەعی عێراقی لە ڕێگەی پردێوە دێن بۆ هەولێر“.
باسنيوز
