كاسبكارانی خورماتوو لە ساڵیادی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا مانیان گرت
ئومێد سڵاح، دووكاندارێك لە بازاڕی "كۆماری"ی شاری خورماتوو، ڕای ڕاگەیاند: "ئێمە ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2018 وەك دووكاندارەكان و كاسبكارانی بازاڕی كۆماری لە خورماتوو مانمان لە كاركردن گرت و دووكانەكانمان نەكردەوە، بە هۆی ئەوەی ساڵێك پێش ئێستا وەك ئەمڕۆ دووكانەكانمان بەتاڵان بران و پاشان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنران، هەروەها لەبەرامبەر ئەو خیانەتە گەورەیەی كە لە ئێمەومانان كرا لەو رۆژە ڕەشەدا، مانمان گرتووە".
ئەو دوكاندارە، گوتیشی: "ئێمە هەرگیز ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەبیر ناكەین كە چ كارەساتێكی گەورەمان بەسەردا هێنرا و نەوە دوای نەوە ئەو ڕووداوانەیان بۆ باس دەكەین".
دوێنێ چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەنووس و کوردانی دڵسۆز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو لەناو شاری کەرکووک و خورماتوو داواین لە خەڵک کردبوو لە بەرانبەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا بێدەنگ نەبن و مان بگرن
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شاری خورماتوویان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی داگیر كرد و پاشان میلیشیاكان دەستیان بە تەقاندنە و بەتاڵان بردن و سووتاندنی سەدان خانوو و دووكان و چێشتخانە و كارگەی هاووڵاتییانی كورد كرد و تاوەكوو ئێستاش ئەو هاووڵاتییانە قەرەبوو نەكراونەتەوە و دۆخی ئەمنی شارەكەش تێك چووە و بە سەدان بنەماڵە هێشتا ئاوارە و دەربەدەرن.
باسنیوز
