فەرماندەیەکی پێشمەرگە: پاڤڵ تاڵەبانی و ئاراس جەنگی دانیان بە خیانەتەکەیان ناوە
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی بەشی کوردی (رادیۆی دەنگی ئەمریکا)، رایگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان تەنیا بەهانەیەک بوو بۆ داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیا عێراقییەکان، پێشتر ئەوان بە هاوکاریی خیانەتکاران، بەرنامەیان بۆ ئەو داگیرکارییە داڕشتبوو.
سیروان بارزانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری بە ”خەنجەرێکی ژەهراوی بۆ پشتی کورد و کوردستان“ داناوە و رایگەیاندووە، کە خیانەتکاران ” لەپێناو بزنس و چەند تەنکەرە نەوتێک“، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەیان فرۆشت.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هیچ کەسێک ئاگاداری ئەو خیانەتە نەبووە، تەنیا ئەو کەسە خیانەتکارانە ئاگاداری بوون و بەبیانووی ئەوەی شەهید و قوربانییان دەبێت، لە سەنگەرەکان کشانەوە، بە سەرسوڕمانەوە دەشپرسێت، ”جا ئەگەر شەڕێک بوو دەبێت ئێمە چۆڵی بکەین و بچین بۆ ئەوروپا بڵێین شەڕە دەکوژرێین؟!“.
سیروان بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، ئامانجی خیانەتەکە نەهێشتنی کیانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام پێشمەرگە بە گیانی خۆی، لە پردێ، مەخموور، مەحمودییە و سحێلا ئەو پیلانەی حەشدی شەعبی و خیانەتکارانی تێکشکاند.
هەروەک ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی کردووە، پێویست بە لێکۆڵینەوە لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر ناکات، چونکە پاڤڵ تاڵەبانی و ئاراس جەنگی لەسەر تەلەڤزیۆن دانیان بەو خیانەتەدا ناوە.
سیروان بارزانی بە پێویستی دەزانێ دادگای خەڵک و پێشمەرگە خیانەتکاران دادگایی بکات و کەسوکاری شەهیدانیش سکاڵا تۆمار بکەن و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان نەبن، چونکە خیانەتکاران بە ئاشکرا دانیان بە خیانەتەکەیان ناوە و دەیان گرتەی ڤیدیۆیی کشانەوەی خیانەتکاران لە سەنگەرەکاندا هەن.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ژمارەی شەهید و بریندارانی ئاشکرا کرد، بە کە بەهۆی خیانەتەکە و بۆ بەرگرتن لە لەشکرکێشیی داگیرکەر ڤبوونە قوربانی و رایگەیاند، لە شەڕەکانی بەرگریکردن لە کیانی هەرێمی کوردستان، 131 پێشمەرگە شەهید بوون و 150 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه و به‌و هۆیه‌وه سه‌دان پێشمه‌رگه و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره بوون.
باسنيوز
