جەزا چنگیانی: مەلا مستەفا لێبووردنی بۆ سەرانی ٦٦ی دەرنەکردایە بەچەکەکانیان خیانەتیان نەدەکرد
جەزا چنگیانی، ڕەخنەگر و نووسەری کورد، لە نووسینێکیدا کە بە ناونیشانی (١٦ی ئۆکتۆبەر وتی چی؟) لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە لە کتێبی (بەهاری عەرەبی و ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی لە پرۆژەکانی ئیمپرالیزمدا)، چۆنیەتیی درووستبوونی ”ڕێکخراوی (حەنینی) سەدام و (جەلالی) جەلال تاڵەبانی“ ڕوون کردووەتەوە کە بۆچی درووست بوون و کێ درووستی کردوون. هاوکات ڕەخنەی ئەوەی لە ڕۆشنبیرانی کورد گرتووە کە بەسەر دوو باڵدا دابەش بوون و بەم هۆیەشەوە ”تاکی کورد خاوەنی کەسایەتیی خۆی نییە“. دەشڵێت: ”بۆیە خاوەنی (ھەستی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە)“.
ئەو رەخنەگر و نووسەرە کوردە ڕوونی کردووەتەوە کە سایکۆلۆژیەتی پۆلۆتیک لە رەحمی سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵەوە دروست دەبێ، سایکۆلۆژیەتی کۆمەڵیش لە سیاکۆلۆژیەتی تاکی کۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێ. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”تاکی کورد خاوەنی کەسایەتییەکی تێکشکاوە. بۆیە لە ١٦ ئۆکتۆبەردا، کەرکووک فرۆشەکان لە سلێمانی لە جیاتی تف باران بکرێن، چەپڵەیان بۆ لێدەدان و بەشانازییەوە وێنەیان لە تەک جاش لاھوورییەکان دەگرت“.
بە بڕوای جەزا چنگیانی، رۆشنبیری نیشتمانی، پرەنسیپی شۆڕشی نیشتمانی دەچەسپێنێت، ستراتیژیەتی شۆڕش دەکێشن و دادگای شۆڕش بۆ دژە شۆڕشەکان دادەمەزرێنن. ئەوەش ناشارێتەوە: ”هەر شۆڕشێک داگای شۆڕشی نەبوو، ئەو شۆڕشە جاش و خائین سەرکردایەتی دەکات“.
ئەو ڕەخنەگر و نووسەرە بۆ خیانەتی ساڵی ١٩٦٦ی باوانی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر گەڕاوەتەوە کە لە ساڵی ١٩٧٠دا مەلا مستەفا لێبووردنی بۆ خیانەتکارانی ٦٦ دەرکرد. دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەگەر مەلا مستەفا بە پرەنسیپی شۆڕش مامەڵەی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و سەرانی ٦٦ بکردایە، ئەوا ”دوای ٤٧ ساڵ، بەچکەکانی جەلال تاڵەبانی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧یان نەدەکرد“.
لە کۆتاییشدا باسی لەوە کردووە کە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ سەلماندی ”هەتا سزا کەم بێ، تاوان زۆرە“ و هەتا تەنانەت گۆڕی خیانەتکارانیش لە کوردستاندا هەبێ، ”گەرای جاشایەتی لە جەستەی سیاسیی کورد نابڕێ“.
باسنيوز
