گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرایەوە
لە ناوچەیەکی نزیک قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرایەوە و بە پێی زانیارییەکان ڕۆفاتی ١٨ ھاووڵاتیی کوردی ئێزدیی تێدایە. گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەوێتە گوندی کەسرمیحراب و ناسنامەی ھەشت ڕۆفات ئاشکرا بووە کە خەڵکی گوندی ئێزدینشینی کۆچۆن.
لەوبارەیەوە ڕائید فەلاح، ئەندامی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر کوردانی ئێزدی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "تا ئێستا ٦٩ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری قەزای شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و ڕۆفاتی نێو گۆڕەکانیش ھەموویان کوردی ئێزدین، تەنیا دوو گۆڕی بەکۆمەڵ ڕۆفاتی ھاووڵاتییانی شیعەمەزھەبیان تێدایە، بەڵام بە ھۆی داگیرکاری لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە کارکردن لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕاگیراوە."
لەبارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی لە نزیک قەزای تەلەغفەر دوزراوەتەوە، ئەو بەرپرسەی ئێزدی گوتی: "ئێمە وەک دەستە ئاگاداری ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕە نین، بەڵام پێشتر زانیاریمان ھەبوو لە لایەن چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە ١٧ کوردی ئێزدی لەو شوێنە شەھید کراون و دواتر ھەریەکە و لە گۆڕێکدا ژێرخاک کراون."
ڕائید فەلاخ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە داوای ھاوکاری لە ھەموو لایەنە نێوخۆیی و بیانییەکان دەکەین بۆ ئەوەی ھاوکارمان بن لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەتایبەتی ئەرکی حکوومەتی عێراقە کار بۆ ھەڵدانەوەیان بکات، ئێمەیش ھاوکاریان دەبین، کەچی ئەوان ھێشتا ئامادە نین لەو بارەیەوە ھاوکاریی کوردانی ئێزدی بکەن."
kdp -
