ژینۆ محەمەد داوا لە هەڵسووڕاوە ناڕازییەکان دەکات بچنە گردەکە

 ژینۆ محەمەد داوا لە هەڵسووڕاوە ناڕازییەکان دەکات بچنە گردەکە
خانمە ڕاگەیاندنکارو هەڵسووڕاوێکی گۆڕان داوا لە هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانی حزبەکەی دەکات، بچنە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٨، ژینۆ محەمەد، خانمە ڕاگەیاندنکار و هەڵسووڕاوی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”ئێمە لەکوێدا پێویست بکات، دەنگی نارەزاییمان بڵندە و خاتری ھیچ کەسێکیش ناگرین“.

باسیشی لەوە کردووە کە گۆڕان خۆی بۆ کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە بچووکترین پۆستەوە تا ڕێکخەر ئامادە دەکات. دەشڵێت: ”من نابمە پارێزەری ھیچ کاکێکی گردەکە، بۆ ئەوەی ڕەخنەی لێنەگیرێت، چونکە منیش وەک زۆرینە دونیایەک ڕەخنە و گلەیم لە سەرەوە بۆ خوارەوە ھەیە“.

ژینۆ محەمەد داوا لە هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانی گۆڕان دەکات، ”چیتر لەسەر حسابی ئێمە، ھیچ کاکێکیتر گەورە نەکرێت“ و بانگی کردوون: ”وەرن پێکەوە لە گردەکە داوای گۆڕانکاری بکەین و ھاوار بکەین نەخێر بۆ نائومێد کردنمان. وەرن پێکەوە ڕێگری لە ناحەزانی بزووتنەوەکە بکەین“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی گۆڕان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەی ناوخۆییدا تێپەڕ دەبێت کە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ تەملیککردنی سەرجەم موڵکەکانی حزبەکە بە ناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و کەمبوونەوەی نیوەی کورسییەکانی گۆڕان دەگەڕێتەوە.











باسنيوز
Top