بەرپرسێکی حکوومی لە پارێزگای سلێمانی بە گوللە کوژرا
کەمێک لەمەوبەر هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شارەدێی (ناڵپارێز) لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، ڕايگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٨، بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی ناڵپارێز تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
ڕوونیشی کردەوە کە ڕووداوی تەقەکردنەکە لە تەنیشت بەنزینخانەیەکی نزیک شارەدێیەکە بووە. گوتیشی: ”تائێستا ھیچ کەسێک بەتۆمەتی کوشتنی بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی ناڵپارێز دەستگیر نەکراوە، بەڵام پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە“.
ڕووداوی تەقەکردنەکە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و ئاسۆ حوسێن کە تەمەنی ٣٣ ساڵە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شارەدێی ناڵپارێزە، کوژراوە و دواتر تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی پێنجوێن کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان، "ئارامی" یەکێک بوو لە درووشمە سەرەکییەکانی ئەو حزبە.
باسنيوز
