كۆمسیۆن، لە كۆتایی ئەم حەفتەیەدا ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێت
سەبارەت بە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، تیمەكانیان بەردەوامن لە كاركردن لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان و بەشێكی زۆری ئەنجامەكان تەواو كراون، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لەم حەفتەیەدا ئەوان كارەكانی خۆیان تەواو بكەن و ئەنجامەكانیش بە راپۆرتێك ئاڕاستەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەكەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن.
لای خۆیەوە، ئارام نەجمەددین، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكان بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامەكان تەواو بكات و رایبگەیەنێت، ھەنگاوی زۆر باشیش نراون و سكاڵاكان ھەمووی پۆڵین كراون و خراونەتە بەر دەستی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، هەروەها بڕیارە لە ھەر پارێزگایەكیش ١٥سندووقی دەنگدان بە دەست ھەژمار بكرێنەوە، ئەمەیش وەك رێكارێكی كۆمسیۆنە ئەنجامی دەدات و دواتریش ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن".
نەجمەددین گوتیشی: "بەپێی پێشبینیی ئێمە، چاوەرێ دەكرێت رۆژی پێنجشەممەی ئەم حەفتەیە كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا بكات".
kdp-
