بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران: ئامادەکاریمان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی کۆچبەران
حەفتەی ڕابردوو بە ھۆی ژێرئاوکەوتنی یەختەیەکی گواستنەوەی پەنابەران لە دەریای ئیجەدا ژمارەیەک کۆچبەر بوونە قوربانی کە زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بوون، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی کۆچبەران لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "دوای ڕووداوەکە دەزگە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایین، چونکە لە کۆی ٣٥ قوربانی، تا ئێستا تەنیا تەرمی ١٤ کۆچبەر بینراوەتەوە و ئەوانی دیکە چارەنووسیان دیار نییە."
شاکر یاسین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ھەموو ھاوکارییەک پێشکەشی لێقەوامانی ڕووداوەکە بکات و لە ئێستاوە دەست بە ڕێوشوێنی پێویست کراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمی کۆچبەرانی کورد لە شاری ئیزمیری وڵاتی تورکیا، تیمەکانمان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر ھەموو ئامادەکارییەک دەکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆچکردن بووەتە دیاردەیەکی جیھانی و ھەموو وڵاتانی گرتووەتەوە، چونکە ئەوانەشی کۆچ دەکەن بە نایاسایی خۆیان تۆمار ناکەن ھیچ ئامارێکی دروست و فەرمی نییە لەبارەی ژمارەی کۆچبەرانەوە، بەڵام بە پێی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئێمە زانیاری لەبارەی ژمارەی کۆچبەران وەردەگرین، بۆ نموونە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کۆچبەری عێراق چوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، کە بەشێکیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن."
شاکر یاسین ڕوونی کردەوە: "ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک کۆچبەری ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئیجەدا خنکاون و تەرمەکانیان لە وڵاتینی جیھان بەجێ مابوو، بەڵام تا ئێستا توانیومانە نزیکەی ١٦٠ تەرمی کۆچبەران لەسەر ئەرکی نووسینگەی تایبەتی بەڕێز نیچیرڤان بارزانی بگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێستایش ئامادەین بۆ ھەموو ھاوکارییەک ئەگەر بزانین تەرمی ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان لە ھەر وڵاتێکی جیھانە."
kdp-
