دەرکردنی هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانی نێو گۆڕان دەست پێ دەکات

 دەرکردنی هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانی نێو گۆڕان دەست پێ دەکات
کێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کێشەی کێلوونی دەرگاکەی عەبدوڵای مەلانووری زەقتر بووەتەوە و میدیایەکی سەر بە باڵی ناڕازییەکانی نێو گۆڕانیش ئاشکرای کردووە کە دوورخستنەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە ژووری سکرتاریەتی گۆڕان، سەرەتای دەرکردنی هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی (درەو میدیا)ی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کردووە، فەرمانەکەی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان گۆڕینی کێلوونی ژوورەکەی عەبدوڵای مەلا نووری، سەرەتای دەرکردنی ناوبراو و ئەو هەڵسووڕاوانەی دیکەی گۆڕانە کە (پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان)یان هەڵگرتووە.

ئاماژەش بەوە دراوە کە تەنانەت لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ١٠ی ١٠ی ٢٠١٨ەوە تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە ٢٠ ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان داوا دەکەن شوێنێکیان بۆ دیاری بکرێت تاوەکوو تێیدا کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی ناوخۆیی گۆڕان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ”رێگەیان پێنادەن کۆبوونەوەکە بکەن“.

هەمان ماڵپەڕ لە زاری سەرچاوەیەکی نێو گۆڕانەوە بڵاوی کردەوە: ”عەبدوڵای مەلای نووری ‌و چەند ھەڵسوڕاوێکی دیکەی گۆڕان، لە ژووری سکرتاریەتی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەکە، سەرقاڵی کۆبوونەوەی تایبەت ‌و پیلانگێڕی بوون ‌و ھەنگاوەکانیان بۆنی ئەنجامدانی کودەتای لێھاتووە بەسەر دامەزراوە ڕەسمییەکانی گۆڕاندا، بۆیە ڕێکخەری گشتی ئەو ھەنگاوەی گرتووەتە بەر و سنوورێکی بۆ جموجۆڵەکانیان داناوە“.











باسنيوز
Top