کۆمەڵ و یەکگرتوو شاسوار عەبدولواحید ئیحراج دەکەن

 کۆمەڵ و یەکگرتوو شاسوار عەبدولواحید ئیحراج دەکەن
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحید دەدەنەوە و بە ناڕاستەوخۆ باس لە بێمتمانەییان بەرامبەری و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە گەندەڵی دەکەن.

پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید دەستپێشخەرییەکی بۆ درووستکردنی بەرەیەکی فراوانی لایەنە ناڕازییەکان ئاراستەی (گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو) کرد، لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەهیچ شێوەیەک وەڵامی نەدرایەوە.

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە نامەیەکدا کە میدیاکانی حزبەکەی ناوەڕۆکەکەیان بڵاو کردووەتەوە، بە شاسوار عەبدولواحید دەڵێت: ”بناغەی هەر کارێکی هاوبەش و هەرەوەزی، وێڕای لێکتێگەیشتن و بیروڕا و هەڵوێست یەکخستنن، بریتییە لە متمانە پێک هەبوون“، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ متمانە نەبوونی بە شاسوار عەبدولواحید، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان ڕایانگەیاندووە کە شاسوار عەبدولواحید بە ئامرازێکی دەست باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانن.

لەلایەن خۆشیەوە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی شاسوار عەبدولواحید بۆ درووستکردنی بەرەیەکی فراوان، داوای ئارامکردنەوەی میدیا و هەماهەنگیی کاری پەرلەمانتاری کردووە، بەڵام یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی ”ئاراستەکردنی کۆششە ڕوو بە گەندەڵی“، لە کاتێکدا شاسوار عەبدولواحید و پڕۆژەکانی، بەردەوام بە گەندەڵی و ڕەچاونەکردنی یاسا و پێشێلکردنی مافی هاوپشکەکانی تۆمەتبار دەکرێن.











باسنيوز
Top