بەهۆی ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە نەوشیروان مستەفا ئامادە نەبووە یوسف محەمەد ببینێت
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو گۆڕانەوە دەستی کەوتووە، پاش ئەوەی یوسف محەمەد لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥ گوێی بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان نەدا و لە هەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک بەردەوام بوو، بەو هۆیەشەوە لە ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێک هاتە ئاراوە کە هەم پەرلەمان لەکار کەوت و هەمیش پەیوەندیی نێوان لایەنەکان تێک چوو، یوسف محەمەد کە ئەوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو، هەوڵی داوە نەوشیروان مستەفا ببینێت و بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵدا ئەنجام داوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نەوشیروان مستەفا ئامادە نەبووە پێشوازی لە یوسف محەمەد بکات و پێی گوتووە: ”پێویست ناکات بێیتە سەردانم، چۆنتان تێکداوە ئاواش چاکی بکەنەوە“.
هەر لەبارەی ڕووداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەر، عومەر عینایەت، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ڕادیۆی (نەوا)ی ڕاگەیاندووە: ”یوسف محەمەد بەشێک لە بەرپرسیارێتیی پەککەوتنی پەرلەمانی دەکەوێتە ئەستۆ“. جەختیشی کردووەتەوە: ”سەرۆکی پەرلەمان تەنھا خوێندنەوەی وردی نەبووە و دنیا وێران نەدەبوو ئەگەر سێ رۆژ دانیشتنەکەی دوابخستایە، وەک ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم و ئەمریکیەکان داوایان کردبوو“.
باسنیوز
