یەکێتی لە بەغدا گفتوگۆیەکی ڕانەگەیەندراوی لەگەڵ چاوشئۆغڵوو ئەنجام داوە

 یەکێتی لە بەغدا گفتوگۆیەکی ڕانەگەیەندراوی لەگەڵ چاوشئۆغڵوو ئەنجام داوە
شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق، لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتیی وەدەرنانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەندیل کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی چاوشئۆغڵوو بە کۆشکی کۆماری لە بەغدای پایتەختی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ١٠ی ٢٠١٨، شاندێکی باڵای یەکێتی کە پاڤڵ تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیش لە نێویاندا بووە، گەیشتوونەتە کۆشکی کۆماری و لە پەراوێزی دیدارەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ ماوەیەک لەگەڵ شاندی یەکێتیش گفتوگۆیەکی ڕانەگەیەندراوی ئەنجام داوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە لە گفتوگۆ ڕانەگەیەندراوەکەی نێوان یەکێتی و وەزیری دەرەوەی تورکیادا، سەرجەم تەوەرەکان لەبارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر پەکەکە و وەدەرنانی ئەو هێزەی باکووری کوردستانە لە زنجیرە چیاکانی قەندیل، لە بەرامبەریشدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا و کردنەوەی نوێنەرایەتییەکان و کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی.

پێشتر ئاشکرا کردبوو کە یەکێک لە بەرنامەکانی سەردانەکەی چاوشئۆغڵوو بۆ بەغدا، گفتوگۆکردنە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تایبەتیش کە تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی بەغداوە لەگەڵ یەکێتی ڕێک بکەوێت.














باسنیوز
Top