چاپخانەی ئاڤێستای هەرە چالاکی باکووری کوردستان لە پیشانگاکەی هەولێرە

 چاپخانەی ئاڤێستای هەرە چالاکی باکووری کوردستان لە پیشانگاکەی هەولێرە
لە سێزدەیەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەوڵیر بۆ کتێب کە تێیدا نزیکەی 35 وڵاتی عەرەبی و دەوروبەر بەشدارن، بەڵام وەشانگە و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی پاچەکانی دیکەی کوردستان تێیدا غایبن و لە باکوور یەک دەزگا و لە ڕۆژهەڵاتیش یەک دەزگا تێیدا بەشدارییان کردووە.

وەشانگەی ئاڤێستا کەلە باکووری کوردستان و بە سەرپەرشتیی "عەبدوڵا کەسکین" بەشداریی ئەم خولەی پیشانگەی نیودەوڵەتیی هەولێری کردووە لە غورفەی (34 K) کتێبەکانی نمایش کردووە و بەر هەردوو زمانی کورد - کورمانجی و تورکی 65 ناونیشانی کتێبی جۆراوجۆری خستووەتە ڕوو.

لە سێزدەیەمین پیشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ کتێب، نزیکەی ٣٥ وڵات بەشدارن و ٢٥٠ دەزگای چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوە کتێبەکانیان نمایش کردووە و تێیدا زیاتر لە ٧٠٠ ھەزار کتێب نمایش کراون، بەڵام نووسەر و ڕۆشنبیران پێیان وایە لەبەر ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی پیشانگە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، پێگەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی سێ پارچەی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات زۆر لاوازە، لە باکوور تەنیا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی "ئاڤێستا" و لە ڕۆژهەڵاتیش تەنیا بڵاوکەرەوەی کوردستان بەشداریی کردووە.

ئاڤێستا یەکێک لە دەزگا و وەشانگە گرنگ و پیشەنگەکانە لە تورکیا و باکووری کوردستان لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و بەتایبەت وەرگێڕانی کتێب و نووسینی نووسەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە باکووری کوردستان دەوری سەرەکیی گێڕاوە و پێگە و ڕۆڵی دیارە، بەڵام هاوکاری نەکردن و ئاوڕنەدانەوە و گرنگینەدان بە دەزگا و ناوەندەکانی وەشانی پارچەکانی دیکە، بووەتە جێگەی گلەیی و وەک خاڵی لاوازی پیشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لەقەڵەم دەدرێت.

لە کاتێکدا ئاڤێستا زۆربەی ناوەرۆکی کتێبە چاپکراوەکانی تایبەتن بە ئەدەبیات و زمانی کوردی و خزمەتێکی زۆری بە دۆخی کولتووری کوردی لە باکوور کردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە چەندین جار لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی تورکیاوە هەوڵی داخرانی دراوە و پێش بە چاپی هەندێ کتێبی گیراوە.

هاوکات لەمبارەوە مامۆستا ڕەحیم، بەڕێوەبەری چاپەمەنیی کوردستان لە سنە ڕايگەیاند: "یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی چاپ و بڵاوکردنەوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە پیشانگەی هەولێر، یەکەم دابەزینی بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار و ڕەوشی ئابووری و هاوکات یەرمەتینەکردنی بەرپرسانی پیشانگە و لەبەرچانەگرتنی دۆخی ئێمە بووە، دەنا دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژهەڵات زۆر کتێبی گرنگیان لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب، زمان، مێژوو، کولتوور و توێژینەوە و فۆلکۆر چاپ کردووە کە دەکرێ لێرە ببنە سەرچاوە، بەڵام ئەو گرفتەنا بوونە ڕێگر لەبەردەم بەشاریکردنیان لە پیشانگەی هەولێر".












باسنيوز
Top