محەمەد باقری: حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە رێگەی سنوورەکانەوە ئاسایشی ئێران دەخەنە مەترسییەوە

محەمەد باقری: حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە رێگەی سنوورەکانەوە ئاسایشی ئێران دەخەنە مەترسییەوە
سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە لێدوانێکدا هەڕەشەی کردووە بە مووشەک بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکان بۆردومان دەکەن.



بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەدانێکدا بۆ پارێزگای کرماشان ڕای گەیاندووە: "حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە رێگەی سنوورەکانەوە ئاسایشی ئێران دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە ئێران لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەدا بێدەنگ نابێت".



باقری لە بوونی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سنوورەکانی ئێران هۆشداریی داوە و گوتی: "لە ئەگەری درێژەدان بە چالاکییە سەربازییەکانیان، هاوشێوەی مووشەکبارانەکەی کۆیە بنکە و بارەگاکانیان دەکرێنە ئامانج".



هاوکات باشی لەوەش کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بجووڵنەوە و ڕێز لە عورفی دراوێستی بگرن، دەنا ئێران بێدەنگ نابێت.



ڕۆژی شەممە 2018/9/8 سوپای پاسداران چەندین مووشەکی ئاراستەی بارەگا و کەمپی هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات (حدکا و حدک) لە نزیک شاری کۆیە لە هەرێمی کوردستان کرد و لە ئەنجامدا 16 کادر و پێشمەرگەی هەردوولا شەهید و هاوکات 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.




باسنیوز
Top