ڤیان سەبری: پارتی دەیەوێت بەبەھێزی باشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا بکات
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، پارتی دەیەوێت بەبەھێزی باشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا بکات و بەپێی مافی خۆی، وەزارەتێکی سیادی و وەزارەتێکی دیکە وەردەگرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تاوەکوو ئێستا گفتوگۆکیان لەگەڵ عادل عەبدلومەھدی بەردەوامە. گوتیشی: ”یەکێکی دیکە لەو پۆستانەی کە پارتی بەمافی خۆی دەزانێت، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقە“.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە کە بەپێی کورسییەکانیان، پارتی دوو سەرۆک لێژنەی سیادی و دوو جێگری سەرۆک لێژنە و دوو بڕیاردەری لێژنەکانی پەرلەمانی پێ دەدرێت. گوتیشی: ”ئەمڕۆ یەکێک لەو خاڵانەی کە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکات، پرسی دیاریکردنی ئەندامانی لێژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانە“.
لەھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدستھێنانی ٢٥ کورسی وەکوو یەکەمین لایەنی سیاسیی عێراقی، زۆرترین دەنگی بەدەست ھێنا.
باسنیوز
