ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک ساڵدا 80 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون

 ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. لە یەک ساڵدا 80 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵدا، واتە لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە هەتا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە 80 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.



لەمبارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بە بۆنەی ڕۆژی 10ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژ بە حوکمی سێدارە ڕاپۆرتێکی ئاماریی لەسەر ڕێژەی لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو 55 حاڵەت کەمی کردووە.



بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری )هەنگاو( لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا واتە لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەتا ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ بەگشتی حوکمی سێدارەی ٨٠ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.



ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشوو واتە (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ هەتا ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی) ٥٥ حاڵەت واتە ٤٠.٧٪ کەمی کردووە.



تۆمەتی لەسێدارە دراوەکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٨٠ کەسەی کە لە سێدارە دراون، ٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی، ٥٥ کەسیان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٧ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە سڕکەرەکان و ٣ کەسیشیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارە دراون.



ڕێژەی لەسێدارەدان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ماڵپەڕی (هەنگاو) ٣٧ کەس لەو هاووڵاتییانەی کە لەسێدارە دراون، خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون، ٢٨ کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٥ کەس خەڵکی پارێزگای ئیلام، ٥ کەس خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ٣ کەس خەڵکی پارێزگای سنە، یەک کەسیش خەڵکی پارێزگای خۆراسانی باکوور و کەسێکیش لە کوردانی پارێزگای قەزوێن بووە.



شێوەی لەسێدارە دان

سێ کەس لە شارەکانی خۆی، سەڵماس و ئیلام لە پێش چاوی خەڵکی لەسێدارە دراون کە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ٥ حاڵەت کەمی کردووە. ساڵی ڕابردوو لە کۆی ئەو ١٣٥ کەسەی کە لەسێدارە درابوون ٨ کەسیان لەپێش چاوی خەڵک حوکمەکەیان جێبەجێ کرابوو.



جیا لەو ٣ کەسە ٧٧ کەسی دیکە لە بەندیخانەکانی ورمێ ٣٠ کەس، کرماشان ١٨ کەس، کەرەج ١٢ کەس، ئیلام ٥ کەس، لوڕستان ٤ کەس، خۆی ٢ کەس، بەندەرعەباس ٢ کەس، ئیسفەهان، بیرجەند، میاندواو و شیروان هەر کامەیان یەک کەس لەسێدارە دراون.



لە کۆی ئەو ٨٠ کەسەی کە لەسێدارە دراون ٢ کەسیان ژن بووە و ٧٨ کەسیان پیاو بوون کە هەر دوو ژنەکە خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون.



لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینییەوە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی حوکمی سێدارە ناودێر کردووە.



ئێستا لە ١٠٤ وڵاتی جیهان حوکمی سێدارە جێبەجێ ناکرێت و لە ٥٠ وڵاتیش هەرچەند لەلایەن یاساوە ڕیگە پێدراوە، بەڵام ئەو حوکمە جێبەجێ ناکرێت و تەنیا لە ٣٦ وڵات حوکمی سێدارە بەڕێوە دەچێت.
Top