بڕیارێکی کۆمسیۆن لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵوەشێندرایەوە
دکتۆر خامۆش عومەر، شارەزای یاسایی و ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، پێشتر کۆمسیۆن بڕیارێکی دەرکردووە لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران، بەڵام ڕۆژی ٧ی ١٠ی ٢٠١٨، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر تایبەت بە هەڵبژاردن، ئەو خاڵەی لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن هەڵوەشاندووەتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی کۆمسیۆن پێچەوانەی خودی ئەو یاسایەیە کە پەرلەمان بۆ کاری کۆمسیۆن دایناوە، بۆیە لە کۆی ٩ ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێویستی بە دەنگی ٥ ئەندام هەیە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، دکتۆر خامۆش عومەر ئاشکرای کرد کە پاش پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی پەرلەمانی تازەی هەرێمی کوردستان، کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێردرێت و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا دەبێ کابینەکەی بباتە بەردەم پەرلەمان. گوتیشی: ”لە ڕۆژی ٦ی ١١ی ٢٠١٨ ماوەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت“.
پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئەوەی لەو سەدان سندووقە قردێلە سوورەی لە کۆمسیۆن هەیە و دەنگی ١٧٥ هەزار دەنگدەری تێدایە، چارەنووسی ٦ کورسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلا دەکاتەوە و ئەگەر ئەو دەنگانە ڕەت بکرێنەوە، ئەگەر هەیە کورسییەکانی یەکێتی بۆ ١٥ کورسی کەم ببنەوە، بۆیە یەکێتی هەڕەشەی واژۆنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکات، لە کاتێکدا بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر هەڵبژاردن کەموکوڕییەکی هەبێت، بەهۆی ئەو ساختەکارییەیە کە لە سنووری سلێمانیدا بۆ بەرژەوەندیی لایەنێک کراوە و یەکێتیشیان لە واژۆکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن سەرپشک کردووە.
باسنیوز
