لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لە مەریوان سەربازێک کوژرا

لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لە مەریوان سەربازێک کوژرا
ئەمڕۆ سێشەممە لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزی سنوورپارێزی ئێران و هێزێکی چەکداری سەر بە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، سەربازێک کوژراوە.



ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو( لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو تێکهەڵچوونە کاتژمێر 2ی بەربەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2018/10/9 لە سنووری گوندی (دەرەناخی)ی سەر مەریوان لە نێوان هێزی سنوورپارێزی حکوومەتی ئێران هێزیکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی کورد ڕووی داوە.



ماڵپەڕی (فارسنیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە لەو تێکهەڵچوونەدا سەربازێکی هێزی سنووری بەناوی "میلاد محەمەدیان" و خەڵکی کامیاران گیانی لەدەست داوە و ئیدیعای ئەوەشی کردووە چەند کەس لە هێزە چەکدارەکانیان کوشتووە و خەساری زۆریان پێ گەیاندوون.



هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ لایەن و پارتێکی کوردیی دژبەری ئێران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشیان نەگرتووەتە ئەستۆ..
bas news-
Top