محەممەد كەمال: ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانێت بڕیار بدات

محەممەد كەمال: ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانێت بڕیار بدات
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی چەند پرسێكەوە كۆ ببێتەوە، بە تایبەتی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ پارێزگای كەركووك، سەرۆكی لیستی برایەتییش پێی وایە، كۆبوونەوەكە بێئەنجام دەبێت و ناتوانن بڕیار بدەن.

دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو و پڕۆسەی داگیركاری، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كار كەوتووە و ناتوانن ھیچ كۆبوونەوەیەك بە بێ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك ئەنجام بدەن، بەڵام ماوەی دوو حەفتەیە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لە ھەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەن، بە تایبەت بڕیاردان لەسەر دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك. محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی پێی وایە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەن بێئەنجام دەبێت و ناتوانن ھیچ بڕیارێك بدەن، چونكە بەشێكی زۆری كورد ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا نابن.

سەرۆكی لیستی برایەتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئەوانەی كە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەندا دەكەن، لە ھەرسێ پێكھاتەكانی كەركووك لەنێو خۆیاندا ھاوڕا نین لەسەر پرسەكان، لەبەر ئەوەیش ناتوانن بگەنە ئەنجامێك و كۆبوونەوە لەم كات و رەوشەی كەركووك پێیدا دەرباز دەبێت، سوودی نییە".

لەبارەی بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كەمال ڕایگەیاند: "ئێمە ماڵەكانمان حەشد داگیری كردوون و كراونەتە سەربازگە، چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە كەركووكی داگیركراو، ئێمە وەك پارتی بە ھیچ شێوەیەك ددان بەو پڕۆسە داگیركارییەدا نانێین و بەشداریی ھیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەن ناكەین تا رەوشەكە ئاسایی دەكرێتەوە، پێویستە ھێزەكانی حەشد لە كەركووك پاشەكشە بكەن و سوپای عێراق لە ناوشار دەربچێت و بڕیاری ئاساییكردنەوەی رەوشەكە بدرێت، ئینجا رێگە خۆش دەكرێت بۆ ھەر كۆبوونەوەیەك".

پێشتر بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی، لیژنەیەكی ھاوبەش بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار و ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك پێك ھاتووە، محەممەد كەمال كە ھاوكات ئەندامی لیژنەكەیشە، دەڵێت: "راستە لیژنەیەكمان پێك ھێناوە و جارێك كۆ بووینەتەوە، بەڵام دواتر بابەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھاتە پێشەوە و تا ئێستا كۆبوونەوەی دیكەمان ئەنجام نەداوە".
kdp-
Top