فواد مەعسووم چارەنووسی پاسەوانەکانی خۆیشی پێ ئاشکرا نەکرا

 فواد مەعسووم چارەنووسی پاسەوانەکانی خۆیشی پێ ئاشکرا نەکرا
سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، بەبێ ئەوەی چارەنووسی پاسەوانە ڕفێندراوەکانی ئاشکرا بکات، کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتیکردنەکەیدا هات و بەو هۆیەشەوە ڕەخنەی توندی لێ دەگیرێت.

لە ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠١٥، چوار پاسەوانی فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە ڕێگەی نێوان بەغدا - کەرکووک کە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە پاسەوانی دەکرا، بێسەروشوێن کران. دواتریش لە ڕۆژی ١٢ی شوباتی ٢٠١٦، سێ پاسەوانی دیکەی مەعسووم لە هەمان ڕێگە بێسەروشوێن کران و هەر ماوە نا ماوە باسی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی پاسەوانەکانی مەعسووم دووبارە دەکرایەوە، بەڵام کەس باسی لە ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو پاسەوانانە نەکرد، تا کۆتاییهاتنی پۆستەکەی فواد مەعسووم.

لەمبارەیەوە عەرەفا کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "ھەرچەندە ھۆکاری ڕفاندنی پاسەوانەکانی دکتۆر فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق نازانم، بەڵام ئەگەر مەعسووم کەسایەتییەکی بەھێزی ھەبووایە، یان دەسەڵاتی خۆی بەکار بهێنایە، بێگومان دەیتوانی لەماوەی ٢٤ سەعاتدا پاسەوانە ڕفێنراوەکانی بدۆزێتەوە“.

دووپاتیشی کردەوە، فواد مەعسووم ھێندە دەسەڵاتی نەبووە بۆ ئەوەی بەرگری لە پاسەوانەکانی خۆشی بکات، تەنانەت ”جێگەی متمانە نەبووە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسرێت“.

عەرەفات کەرەم ڕوونی کردەوە: "فواد مەعسووم کەمتەرخەم بووە بەرامبەر بە پاسەوانە تایبەتەکانی، چونکە ئەگەر ھەر کەسێکی دیکە بووایە، ئێستا چارەنووسی پاسەوانەکەی دەدۆزییەوە و ئەگەر تاوانێکی گەورەی کردبێت، دەبووایە خۆی ڕاپێچی دادگای بکات، نەوەکوو پاسەوانێکی بڕفێنرێ و خۆشی ھیچ ھەوڵێک بۆ دۆزینەوەی نەدات“.









باسنیوز
Top