هاوپەیمانی بانگەشەیەکی یەکێتی لەبارەی دوو کورسییەکەیان لە بەغدا ڕەت دەکاتەوە

 هاوپەیمانی بانگەشەیەکی یەکێتی لەبارەی دوو کورسییەکەیان لە بەغدا ڕەت دەکاتەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی میدیاکانیەوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی دوو کورسییەکەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پەرلەمانی عێراق، ژمارەی کورسییەکانیان لە ١٨ کورسییەوە بۆ ٢٠ کورسی بەرز بووەتەوە، هاوپەیمانیش ڕەتی دەکاتەوە پەرلەمانتارانیان بچنە پاڵ یەکێتی.

چەند میدیایەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە زاری حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری ئەو حزبەوە بڵاویان کردەوە کە بەهۆی ئەوەی دوو پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی لە پەرلەمانی عێراق، هەڵوێستیان هەیە و وەکوو یەکێتیش دەنگ دەدەن، بۆیە کورسییەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە ١٨ کورسییەوە بۆ ٢٠ کورسی بەرز بووەتەوە.

لە بەرامبەردا د. دانا محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند: " ئەو فراکسیۆنەی ئێمە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنی ھاوپەیمانییە و ھەردوو پەلەمانتارەکەش پەرلەمانتاری ھاوپەیمانین”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی نەکردووە، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارەکانیان بڕۆنە ناو یەکێتی و “ھیچ ڕێککەوتنێکیش نەکراوە، بۆ ئەوەی ئەو فراکسیۆنەی ئێمە بڕۆنە ناو لایەنێکی سیاسی، چونکە ئەو پەرلەمانتارانەی ئێمە بەھۆی متمانەی لایەنگرانی ھاوپەیمانی بوون بە پەرلەمانتار و مافی ئەوەیان نییە بڕۆنە ناو ھیچ لایەنێکەوە”.

ئاماژەی بەوەش دا:" ئەو دوو پەرلەمانتارەی ھاوپەیمانی بۆ پەسەند کردنی ھەر بڕیارێک، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ڕای سەرکردایەتیی ھاوپەیمانی، چونکە ھاوپەیمانی بەردەوامە و درێژە بە کاری سیاسیی خۆی دەدات”.










باسنیوز
Top