كۆمسیۆن: بەشێكی زۆری سكاڵاكان بێ ئەنجام دەبن
بڕیاردەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم ڕای دەگەیەنێت بەشێكی زۆری سكاڵاكان خەسڵەتەكانی سكاڵایان تێدا نییە و ئەوەش وادەكات بێ ئەنجام بن.
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم، ڕاگەیاند: "پێش پرۆسەی هەڵبژاردن لە چەندین كەناڵ بە نووسین و دیدار و ڕێگەیتر ڕوونكردنەوەمان دایە قەوارە سیاسییەكان و تكامان كرد بریكارەكانیان لەسەر كار و مافەكانیان ڕابهێنن، بەتایبەت نووسینی سكاڵا كە پەیڕەو و ڕێكاری بۆ دەركراوە و تەنها چەند شتێكی سادەی پێویستە".
گوتیشی: "پێویستە سكاڵا لەسەر شتی گرنگ بنووسرێت، نەك لاوەكی و دەبێت كەسەكە خۆی ڕووداوەكەی بینیبێت و شاهێدی هەبێ و بە جوانی بنووسرێتەوە و ڕووداوەكە ڕوون بكرێتەوە و زانیارییەكانی فۆرمەكە بە جوانی پڕ بكرێتەوە و واژۆ بكرێت".
ئاشكراشی كرد: "بەداخەوە بەشێكی زۆری سكاڵاكان ئەم خەسڵەتانەیان تێدا نییە، ئەوەش وا دەكات سكاڵاكان بێ ئەنجام بن".
ڕۆژی 30/9/2018 دەنگدانی گشتی بۆ خولی پێشنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پرۆسەكەدا زیاتر لە هەزار سكاڵا لەلایەن لیست و قەوارە بەشدارەكانەوە تۆمار كراون.
باسنیوز
