پڕۆژەی ترامی ھەولێر دەدرێتە کەرتی تایبەت
دیزاینی پرۆژەی ترام (شەمەندەفەری کارەبایی) لە شاری ھەولێر لەلایەن کۆمپانیای FG Tecnopol))ی ئیتاڵی، لە ساڵی ٢٠١١ەوە تەواو کراوە.
بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کۆمپانیای ئیتاڵییەکە، تێچووی دیزاینەکە ٢ ملیار و ٥٩٩ ملیۆن دینار بووە.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەکە بە ھەمان نەخشە و دیزایین ئامادە کراوە بدرێتە کەرتی تایبەت، کە درێژییەکەی نزیکەی ٨٠ کیلۆمەترە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھاتوچۆ.
سەرچاوەیەک لە پارێزگای ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند، ترام پڕۆژەیەکی ھاتوچۆیە، کە ماستەرپلانەکەی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بۆ کراوە، کە درێژیی ئەو پڕۆژەی ھاتوچۆیە ٨٠ کیلۆمەترە، گوتی: "بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست پڕۆژەکە دوا کەوتووە، ئێستا دووبارە خراوەتە ڕوو، بۆ ئەوەی لە رێگای کەرتی تایبەت و وەبەرھێنانەوە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێشکەش بە چەند کۆمپانیایەکی گەورە کراوە.
سەڵاح جەوھەر، بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوە و گەیاندن بە (باس)ی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا ئەو پڕۆژەیە پێشکەشی کۆمپانیایەکی ئۆکڕانی کرا، ئەوان ئامادەیی خۆیان پیشان دا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دیزایینەکەیان پێ دراوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین".
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت جدییە لە پێدانی پڕۆژەکە بە کەرتی تایبەت، گوتیشی: "لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کۆبوونەوە و قسەمان کردووە، کۆمپانیاکان دەیانەوێت حکوومەت لە پڕۆژەکە ھاوبەش بێت و نایانەوێت بە تەنیا خۆیان یەک ملیار دۆلار خەرج بکەن، بەڵکوو دەیانەوێت حکوومەتیش ھاوبەش بێت".
زیاتر گوتیشی: "کۆمپانیاکان لەبڕی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، داوای زەوی دەکەن، بۆ ئەوەی ھۆتێل و پڕۆژەی بازرگانی لەنزیک پڕۆژەکە دروست بکەن، بۆیە ئێستا گفتوگۆ بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت".
لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکەوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی گواستنەوە گوتیشی: "پڕۆژەکە چوار ھێڵە، کە درێژییەکەی ٧٧ کیلۆمەترە، ھەروەھا بە بازنەییش ٢٥ کیلۆمەترە و بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە و بە چەند قۆناخێک ئەنجام دەدرێت".
سەڵاح جەوھەر روونی کردەوە، ئەو پڕۆەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەشێکی گرنگیش دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی ھاتوچۆ.
باسنيوز
