عەلی حوسێن: دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت
سەبارەت بە گفتوگۆكانی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، عەلی حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بڕیارمان داوە بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆكانی ڕابردوو كە لەگەڵ لایەنەكان ئەنجاممان داون و، ئەو ھەنگاوانەی نراون كار لەسەر ئەوانە دەكەین بۆ ئەوەی ببینە بەشێك لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكیمان ھەبووە، پێداگیری دەكەین و ئەوكات و ئێستایش ھەوڵ دەدەین وەك لایەنە كوردستانییەكان خاڵی ھاوبەشمان ھەبێت، ئەگەر نەتوانین پێكەوەیش بین".
عەلی حوسێن گوتیشی: "دەمانەوێت ئەمجارە بە شێوەیەك بچینە بەغدا بتوانین لە رێگەی نوێنەرەكانمانەوە ئەگەر ھەموو كێشەكانیش چارە نەكەین، بەشێكیان چارە بكەین، بۆیە دەمانەوێت بە ھێزەوە بچینە بەغدا".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكوومەتی تازەی عێراق، لە بەرانبەر كۆمەڵێك تەحەددیاتدایە، بۆیە لەگەڵ لایەنە عێراقی و كوردییەكان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی حكوومەتێكی سەركەوتوو دروست بكات، هەر لەبەر ئەوەش دەیەوێت پشتگیریی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد و عەرەب بە دەست بێنێت، بە تایبەت ئەوانەی لە عێراق و ھەرێمی كوردستان رۆڵی خۆیان ھەیە.
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان، ڕاشیگەیاند: "ئێمە ھیچ مەرجێكمان نییە بۆ حكوومەتی داھاتوو، بەڵام كۆمەڵێك تێبینیمان ھەن كە قابیلی گفتوگۆكردنن، چونكە پێشتر مەرجمان ھەبووە و لایەنەكان لەسەریرازی بوون، كە ئەوانیش تەوافوق و تەوازن و ھاوبەشیی ڕاستەقینەن، بەڵام ھیچیان جێبەجێ نەكراون، بۆیە ئەمجارە بە گەشبینییەوە دەچینە بەغدا و ھەوڵ دەدەین رۆڵێكی سەرەكیمان ھەبێت، چونكە چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە، لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە".
دەشڵێ: "دابەشكردنی پۆستەكان، بەپێی خاڵ و ژمارەی كورسییەكان دەبێت و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت، بۆیە ئەمجارە ئەو پۆستانە وەردەگرین كە بتوانین لەو رێگەیەوە كێشەكانی خۆمانی لەگەڵ بەغدادا پێ چارە بكەین".
kdp -
