كۆمسیۆن: ١٠ رۆژمان پێویستە تا ھەموو ئەنجامەكان تەواو دەكەین
سەبارەت بەوەی كاركردن لە ئامادەكردنی ئەنجامی كۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە كوێ گەیشتووە، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تیمەكانی ئێمە سەرقاڵی داخڵكردنی زانیارییەكانی سەر ھەرسێ فۆڕمی ٥١ و ٥٢ و ٥٣ـن كە ئەوە كاتی پێویستە، چونكە ئێمە شەشھەزار و ٤١٢ وێستگەمان ھەن، ئینجا ھەر فۆڕمێك شەش ھەزارە ژمارەیان، بۆیە ١٠ ڕۆژمان پێویستە تاوەكو كارەكان تەواو دەكەین".
جەلال گوتیشی: "دوای ئەوەی كارەكان تەواو دەكەین، ھەموو ئەنجامەكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتێكەوە ئاراستەی ئەنجومەنی كۆمسیارانی دەكەین بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدەن".
سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی كە كێشە لە نێوان ئەندامانی كۆمسیاران ھەیە، ئەو دەڵێ: "ھیچ ناكۆكییەک نییە و تەنیا گفتوگۆ ھەیە، بۆیە ئەوە ڕاست نییە كە باس لەوە دەكرێت گوایە زۆرینە ھاوڕان بۆ ئەوەی ئەنجامەكان ڕەت بكرێنەوە."
ئەوەیشی خستە ڕوو: "تیمێكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان دروست كراوە، كە سەرقاڵی كاری خۆیانن و ھێشتا لە كاركردن بەردەوامن."
kdp-
