خەڵاتی نۆبڵی ئابووری بە دوو ئەمریکی بەخشرا
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (یۆرۆنیوز) ئەو دوو ئابووریناسە ئەمریکییە، بەهۆی هەوڵا و تەقەلایان لەپێناو لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاریی سروشتی و کەشوهەوا و داهێنان لە بواری تەکنیک لە شرۆڤەی ئابووریی ڕۆژدا، خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ساڵی 2018یان پێ بەخشراوە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەکادیمیای نۆبڵدا هاتووە کە کەشف و دەسکەوتەکانی ڤیلیام نۆردهاوسی تەمەن 77 ساڵ و پۆل ڕۆمەری 62 ساڵ "بە شێوەیەکی بەرچاو بواری شرۆڤە ئابوورییەکانی بەرفراوانتر کردووە" بە گوتەی شارەزایانی ئەکادیمیای نۆبڵ، ئەو دوو ئابووریناسە ئەمریکییە، چەند ڕێکارێکیان خستووەتە ڕوو کە کاریگەریی دوو لایەنەی بازای ئابووری لەگەڵ سروشت و ژینگە و زانست دەردەخات.
ڤیلیام نۆردهاوس مامۆستای زانکۆی "یێل" یەکەم کەسە کە مۆدێل و ڕێکاری کەمکردنەوەی کاریگەریی ئابووریی لەسەر کەشوهەوا و سروشتی نووسیوە.
بەهای خەڵاتی نۆبڵی ئابووری یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکایە. ئەو خەڵاتە یەکەم جار لە ساڵی 1968 دابەش کراوە. لە وەسیەتنامەکەی "ئالفرد نۆبڵ"دا ئاماژە بە خەڵاتی ئابووری نەکراوە، بەڵام ئاماژە بە دانی پێنج خەڵات کراوە.
باسنيوز
