چارەنووسی ٦ کورسیی یەکێتی بە قردێلە سوورەکانی کۆمسیۆنەوە بەستراوەتەوە

 چارەنووسی ٦ کورسیی یەکێتی بە قردێلە سوورەکانی کۆمسیۆنەوە بەستراوەتەوە
بەهۆی ئەوەی چارەنووسی ٦ کورسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو سندووقانەی کۆمسیۆنەوە بەستراوەتەوە کە قردێلەی سووریان پێوەیە و ئەگەر ئەو ساختەکارییانە ڕەت بکرێنەوە، کورسییەکانی یەکێتی بۆ ١٥ کەم دەنەوە، بۆیە ئەو حزبە بانگەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکات.

هۆکاری ئەو دەنگۆیەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی واژۆنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاوی دەکەنەوە، ئەوەیە کە لە کۆی ئەو سەدان سندووقەی لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە قردێلەی سووریان لێ دراوە، ١٧٥ هەزار دەنگ هەیە و زۆرینەیان لە سنووری سلێمانین و پێشبینی دەکرێت چارەنووسی ٦ کورسیی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان یەکلا بکاتەوە، بۆیە ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە ئەو ٦ کورسییەی یەکێتی ڕەت بکرێتەوە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی بۆ ١٥ کورسی کەم دەبنەوە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، ئەگەر کۆمیسیۆن بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی سندووقەکان بدات، ئەوا پێشبینی دەکات کورسییەکانی یەکێتی بۆ ١٥ تا ١٦ کورسی کەم ببێتەوە، ”واتە ٢ کورسی لە ١٨ کورسییەکەی خولی چوارەمی پەرلەمان کەمتر دەبێت“.

هاوکات سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە یەکێتی خۆی بۆ کەمبوونەوەی کورسییەکانی ئامادە کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندان کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ گۆڕان و نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئەنجام داوە، هەروەها زەمینەسازی دەکات بۆ ئەوەی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ببێتە داواکارییەکی بەرفراوان. گوتیشی: ”تەنانەت لە بەغداش یەکێتی ئامادەکاری بۆ ئەوە کردووە و هەوڵی داوە وانیشانی بدات کە ئەو کۆمسیۆنەی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە، تاوەکوو بەغدا مامەڵەی لەگەڵدا نەکات“.

هەمان سەرچاوە نەیشاردەوە کە ئەگەر کۆمسیۆن کورسییەکانی یەکێتی وەک خۆی بهێڵێتەوە کە ئێستا ٢١ کورسییە، ئەوا یەکێتی واژۆ لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام بابەتی واژۆکردنەکە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەکار دەهێنێت، تاوەکوو لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا ”بە پێی قەبارەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێ“ و پۆستی زیاتریان پێ بدرێت.

عەلی عەونیش نایشارێتەوە کە یەکێتی بەو گوشارانە، ”تەنیا دەیەوێ ناز بکات، بۆ ئەوەی کورسیی زیاتری پێ بدرێ“.

لەلایەن خۆشیەوە عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، “زۆرترین سکاڵا لەسەر بنکەکانی دەنگدان لە سلێمانی تۆمار کراوە، ئەمەش بابەتێکە گرێدراوە بە دادگا و کۆمسیۆنەوە و ئەوان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدەن”. گوتیشی: ”ھەندێک لایەن هەن، ناتوانن بەرگەی شکستەکەیان بگرن، بۆ ئەوەی خۆیان لەو شکستانە ڕزگار بکەن، بەدوای ھەندێک فاکتەری لابەلادا دەگەڕێن“.

پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی سەرپشک کردووە لە واژۆکردن یان واژۆنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتیش ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر واژۆی نەکات، ”یەکێتی لە خەونیشدا ٢١ کورسی نابینێتەوە“.










باسنيوز
Top