بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر هۆشداری دەدات

 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر هۆشداری دەدات
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر هەر گلەییەک هەبێ پێویستە ئاگادار بکرێینەوە، بەزووترین کات ڕێکاریان بەرامبەر دەگرنەبەر.

دوای ئەوەی کە بەشێک لە دایک و باوکی قوتابیان گلەی و گازەندەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان هەبوو، کە گوایە پێیان گوتوون پێوستە لە شوێنێکی دیاریکراو جل و بەرگ بۆ منداڵەکانیان بکڕن، لەوباریەوە بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕايگەیاند: ”ئەو قسانە دەکرێ و گلەیی لە ئێمەش دەکرێت“.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، ئەوەشی خستە روو، کە جگە لەوەی هەندێ قوتابخانە تێکەڵاون، وەک فاخر مێرگە سۆری، هەولێر، ڕۆزا، شنەروێ کە جلی خۆیان جیا کردووەتەوە و جۆرە جلێکی جیاواز دەپۆشن، قوتابخانەی سەرەتاییان نییە کە جلیان جیاوازی بێت، چونکە جلەکە دیاریکراوە و ڕەنگی نیلی و سپی، یان ڕەساسی و سپییە، بۆ ئەوەش لە هەر شوێنێک بگەڕێن ئەو جلانە دەست دەکەوێت.

بەڕێوەبەرەکەی پەروەردە، داوایەکی ئاراستەی لە دایک و باوکی قوتابیان کرد و رای گەیاند، کە لە هەر شوێنێک ئەگەر زانیان بەڕێوەبەرەکان پاڵە پەستۆ دەخەنە سەر دایکوباوکان بۆ ئەوەی بچن لە شوێنێکی دیاریکراو جل بکڕن، ئەوا دەتوانن بێن سەردانیان بکەن، یان لە ڕێگەی ئەو ژمارانەی لە پەیجەکانی پەروەردەدا دانراوە، پەیوەندییان پێوە بکەن، یان ڕاستەوخۆ لە پەیجەکانەوە ئاگاداریان بکەنەوە، گوتیشی: ”خۆم بە زووترین کات ڕێکاریان بەرامبەر دەگرمەبەر، چونکە قبوڵی ناکەین لەسەر حیسابی قوتابی بۆ بەرژەوەندی کەسی سوود وەربگیرێت“.











باسنيوز
Top