میدیایەکی ئێرانی: یەکێتی بە ڕادەستکردنی کەرکووک چانسی وەرگرتنەوەی سەرکۆماریان بەدەستهێنا

میدیایەکی ئێرانی: یەکێتی بە ڕادەستکردنی کەرکووک چانسی وەرگرتنەوەی سەرکۆماریان بەدەستهێنا
میدیایەکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگەی پاڤڵ تاڵەبانییەوە لە کاتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووکیان ڕادەستی هێزەکانی عێراق کردووە و بەو هۆیەشەوە چانسی وەرگرتنەوەی سەرۆک کۆماریان بەدەست هێناوە.

ماڵپەڕی (تابناک)ی سەر بە موحسین ڕەزایی، سکرتێری کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە بابەتێکدا لەژێر ناوی "ئایا ڤاڵێل تاڵەبانی جێگەی مام جەلال دەگرێتەوە؟"، نووسیویەتی، پاڤڵ تاڵەبانی بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراق، ”بووە ھۆی ئەوەی کەرکووک بکەوێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی عێراق“.

لە سەرەتای بابەتەکەی (تابناک)دا ھاتووە: "پاڤێڵ تاڵەبانی وەک یاریکەرێکی نوێی سیاسی ھاتە مەیدانەکەوە و توانی ڕێگە لە ڕشتنی خوێن لە کەرکووک بگرێت و بە دانەوەی کەرکووک بە حکوومەتی عێراق و گرتنە دەستی ڕەوشەکە، ئەو شانسەیان بەدەست ھێنا کە جارێکی دیکە پۆستی سەرکۆماری عێراق وێڕای دژایەتیی زۆر، ببێتەوە بە پشکی یەکێتی".

لە درێژەی بابەتەکەدا ھاتووە: "پاش ململانێ لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق بەتایبەت دوو حزبی سەرەکیی ھەرێمی کوردستان، واتە یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، سەرەنجام یەکێتی توانی بۆ خولی سێیەم ئەو پۆستە مسۆگەر بکات و ئەمجارە بەرھەم ساڵح بکاتە سەرکۆماری عێراق".

لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەدا ئاماژە بە سیاسەتی نەرمینواندنی یەکێتی لە بەرانبەر لایەنە عێراقییەکان کراوە کە لە سەرکەوتنی کاندیدەکەیاندا ڕۆڵی ھەبووە و نووسیویەتی: "ھەرچەند ڕکابەرییەکە دژوار بوو، بەڵام ئاراستەی سیاسەتی نەرمینواندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی تاڵەبانی کە پاڤێڵ سەرکردایەتیی دەکرد، بووەتە ھۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە گرنگەوە لێی بڕوانن".

ئەوەش ئاشکرا کراوە: "ھەرچەند لە کاتی ڕیفراندۆمدا یەکێتی ھاودەنگی پارتی بوو، بەڵام دوای ڕاگرتنی ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە، یەکێتی بۆ بنیاتنانەوەی عێراق ڕۆڵی گێڕا و لە ئاراستەی سیاسەتی پارتی دوور کەوتەوە و ئەم دوورکەوتنەوەیەی یەکێتی لە پارتی، ھاوکێشە سیاسییەکانی عێراق، بە دژبەر و هاودەنگ گۆڕی".

میدیا ئێرانییەکە نەیشاردووەتەوە کە ئامانج لە ھێنانە مەیدانی بەرھەم ساڵح، تەنیا وەک شکستھێنان بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نییە، بەڵکوو ”شکستھێنانە بە پیلانی دابەشبوونی عێراق، لەڕاستیدا ئەو نیگەرانییە لەلای خەڵک و بەتایبەت سیاسەتڤانە عێراقییەکان لە گۆڕێ دایە کە ئەگەر کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتبا، لەوانەیە دیسان بارزانی پلانی دابەشبوونی عێراقی بخستایەتەوە گەڕ، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایەی کە کاتی خۆی تاڵەبانی بە پێداگرییەوە دژایەتیی جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کردووە، ”دەبووایە کارەکتەرێکی دیکە ئەو ڕێگەیەی پڕ بکردایەتەوە".

هەر لەو ڕاپۆرتەی ماڵپەڕە ئێرانییەکەدا باس لەوە کراوە کە پاڤڵ تاڵەبانی ڕێگەی نەداوە بەرهەم ساڵح زیاتر لە یەکێتی دوور بکەوێتەوە و سەرەڕای دژایەتییەکانی هێرۆ ئیبراهیمی دایکی و چەندان کەسی دیکە، سەرەنجام لەسەر کورسیی سەرۆک کۆمار دایناوە.













باسنيوز
Top