کاندیدێکی ھاوپەیمانی: بەرھەم ساڵح و یەکێتی ناتوانن دەنگەکانی ھاوپەیمانی ببەن
سۆزان حوسێن، پارێزەر و کاندیدی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕایگەیاند: "ھاوپەیمانی بڕی ھەشت ھەزار دەنگی ھێناوە و ئەگەری زۆرە کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان مسۆگەر بکەین، بێگومان ئەو کاندیدەی کە دەردەچێ دەچێتە پەرلەمانی کوردستان، چونکە ئێمە بایکۆتمان شکاندووە و پابەندی بڕیارەکەی ھاوپەیمانی نەبووین“. ڕوونیشی کردەوە کە ئەو دەنگانەی هێناویانە، دەبێ بۆیان هەژمار بکرێ و ”بەرھەم ساڵح و یەکێتی ناتوانن ئەو دەنگانەی ھاوپەیمانی بۆ خۆیان ھەژمار بکەن، چونکە ئێمە بایکۆتمان شکاندووە و کەس ناتوانێ دەنگەکانی ئێمە بۆ خۆی بەرێت“.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دامەزرێندرا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا توانی ٢ کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام لە پێناو وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەرهەم ساڵح حزبەکەی جێهێشت و پێشتریش لەو پێناوەدا بڕیاری نەچوونە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنیان دابوو، بەڵام ژمارەیەک لە کاندیدانی حزبەکە بەو بڕیارەوە پابەند نەبوون و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد.
باسنیوز
