گرانی و هەڵاوسانی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی لێ کەوتەوە
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەت لە ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەوتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و چالاکانی بوارە جیاجیاکان بۆ پەیوەستبوونی خەڵک بەو مانگرتنە ڕاگەیەندراو و بانگەوازیان بڵاو کردووەتەوە کە خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایی بە دۆخی خراپی ئابووری، گرانی و بێکاری ئەمڕۆ دووشەممە 2018/10/8 مانگرتنی گشتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەڕێوە بەران.
زانیاری و گرتە ڤیدیۆ و وێنەکان باس لەوە دەکەن، مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ هەتا ئێستا لە شارەکانی "کرماشان، سەقز، مەریوان، پیرانشار، سنە، میاندواو و بانە" و لە ئاستی ئێرانیشدا شارەکانی تەورێز، ئەراک و چەند شاری دیکە خەڵک بە داخستنی بازاڕ و دووکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و لەو مانگرتنە سەرتاسەییەدا بەشداییان کردووە".
ماوەی دوو هەفتە دەبێت، یەکێتیی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە سەرتاسەری ئیران بەهۆی گرانیی کەلوپەل و نەبوونی کارەوە مانیان لە کارکردن گرتووە کە ئەمەش لە هاتوچۆ و گواستنەوەی بار بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئیران کاریگەریی هەبووە.
لە دوای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، ڕەوشی ئابووریی ئێران زۆر خراپ بووە و کشانەوەی کۆماپنیا گەورە جیهانییەکان لە ئێران و دابەزینی بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار و گرانی و بێکاریی زۆرتری خەڵکی لێ کەوتەوە و لە چەند مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و پشێوییەکانی ئەو وڵاتەش کاریگەریی ئەو دۆخە ئابوورییە بووە.
ڕێکەوتی 2018/9/12 پاش لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد و بۆردومانی بنکەکانی هەردوولایەنی حزبی دیموکرات لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەرییان بەڕێوە برد.
باسنيوز
