د. ناسیح غەفوور، سیاسەتمەدار: داعش و بەعس نەیانتوانی كەركووك داگیر بكەن. ئێستا داگیركراوە بە هاوكاری خیانەتكارانی حزبێكی ناوخۆی كوردی
د. ناسیح غەفوور، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "16ی ئۆتۆبەر خیانەتێکی گەورەی میللەتەکەمان بووە و بەدەستی نەیارانی کورد خیانەتەکە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو بەدەستی کەسانێکی ناوخۆی حزبێکی سیاسی، خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ئەنجام دراوە، بەداخەوە ئەوەی ڕژێمی بەعس، یان ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بەھەموو ھێزێکی خۆیانەوە نەیانتوانی شاری کەرکووک کۆنتڕۆڵ بکەن، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بە پشتیوانیی کۆمەڵێک کەسی ناو حزبێکی دیاریکراو، توانییان شاری کەرکووک داگیر بکەن“.
ئەو سیاسەتمەدار، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەوانەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام داوە، مێژوویەکی ڕەشیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە. دەشڵێت: “پێموایە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر مانایەکی دیکەی بە ئێمە بەخشیوە، پێویستە ئێمە لەناو خۆماندا بزانین کەسانێک ھەن پشتیوانی لە پیلان و نەخشە دوژمنکارییەکانی وڵاتانی داگیر دەکەن، بۆیە ناشبێ لەو کەسانە خۆشبین، چونکە ئەوانەی 16ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام داوە، دووبارە خیانەتی ٢ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا“.
ئەو سیاسەتمەدارە بە پێویستی دەزانێت خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر دادگایی بکرێن، چونکە “ئەو گرووپە، کە دادگایی نەکران و چاوپۆشییان لێ کرا، دووبارە خیانەت دەکەنەوە”.
لە کۆتاییشدا ناسیح غەفوور بۆ (باسنیوز) باسی لەوە کرد، ڕاستە کەرکووک داگیرکراوە و خیانەتی لێکراوە، بەڵام ڕۆژێک دێ کەرکووک ئازاد بکرێ و “خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر شەرمەزار بن”.
باسنیوز
