حكوومەتی ھەرێم، بە فەرمی داوای ھێنانەوەی ڕووفاتی سێ پێشمەرگەی شەھیدی لە بەغدا كردووە
مانگی رابردوو، لە گەڕەكی پیشەسازیی شارۆچكەی حەویجە، ڕووفاتی سێ پێشمەرگەی شەھیدی شەڕی داعش دۆزرانەوە، بەڵام دوای مانگێك لە دۆزینەوەیان ھێشتا ڕووفاتی سێ پێشمەرگەكە رادەستی كەسوكاریان نەكراوە.
لەو بارەیەوە، لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێگەی نوێنەرایەتیی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، حكوومەتی فیدڕاڵیی ئاگادار كردووەتەوە لەبارەی ھێنانەوەی ڕووفاتی سێ پێشمەرگەی شەھید، كە لە سنووری شارۆچكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك بەر لە ماوەیەك دۆزراونەتەوە، تا ئامادەكاری بكرێت بۆ ھێنانەوەی ڕووفاتی ئەو سێ پێشمەرگەیە، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق وەڵامی داواكاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی نەداوەتەوە".
لەبارەی چارەنووسی ڕووفاتی ئەو سێ پێشمەرگەیە، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە روونی كردەوە: "دوای دۆزینەوەی ڕووفاتی ھەرسێ پێشمەرگەی قارەمان، رەوانەی پزیشكی دادی كەركووك كرابوون تا دڵنیا بن لە ناسنامەكانیان، بەڵام ئێستا نازانین لە كوێن، ئایا لە شوێنی خۆیانن یانیش بۆ شوێنی تر گواستراونەتەوە تا بیانگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و رادەستی كەسوكاریان بكرێنەوە".
بەپێی بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان، ھەر پێشمەرگەیەك لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش شەھید ببێت، پێویستە رێوڕەسمی بۆ ئەنجام بدرێت، ئەمەیش وەك ڕێزگرتنێك لەبری بەختكردنی گیانی خۆی بۆ نیشتیمان. لیوا قارەمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە كاتی ھێنانەوەی ڕووفاتی ئەو سێ پێشمەرگەیە، ڕێوڕەسمێكی شاییستەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، كە بەپێی رێو شوێنی سەربازی رێزیان لێ دەگیرێت و ئێمە وەك وەزارەت ھەموو ھەوڵێكیش دەدەین بە زوویی بیانگەڕێنینەوە بۆ خاكی ھەرێمی كوردستان".
kdp-
