موحسین سەعدوون: تا حەفتەی دابێ ھەموو پۆستەكان یەكلا دەكرێنەوە
سەبارەت بە گفتوگۆی شاندی پارتی لەگەڵ كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق عادل عەبدولمەھدی، ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، موحسین سەعدوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "عادل عەبدولمەھدی بۆ پێكھێانی كابینەی نوێ راسپێردراوە، كە كەسێكە تا رادەیەك سەربەخۆیە و پێشتریش چەند پۆستێكی لە دەستدا بووە و سەر بە ھیچ حیزبێك نییە، هەروەها كۆدەنگی لەسەری ھەیە كە ببێتە سەرۆكوەزیران، بۆیە ھەوڵ دەدات كابینەكەیشی كەسانی پسپۆڕ و شارەزا بن و بڕیاریشە پۆستەكان بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دابەش بكرێن و ھاوسەنگی لە نێوان لایەنەكاندا دروست دەكرێت".
سەعدوون گوتیشی: "عەبدولمەھدی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ھەیە بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێ، چونكە پارتی كورسیی زۆرە و وەكو لایەنەكانی دیكە نییە، بۆیە پارتی وەزارەتێكی سیادی و دوو وەزارەتی دیكەی خزمەتگوزاریی پێ دەدرێت و ئەستەمە لایەنەكانی دیكەی كورد وەزارەت وەربگرن، چونكە كورسییان زۆر كەمە و لایەنەكانیش بەپێی كورسی پۆستیان پێ دەدرێت".
دەشڵێ، چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی دارایی یاخود نەوت یانیش دەرەوە، بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت.
موحسین سەعدوون باسی لەوەش كرد، گفتوگۆكان بەردەوامن لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی و، چاوەڕێ دەكرێت تا حەفتەی دابێ ھەموو پۆستەكان یەكلا بكرێنەوە.
kdp-
