دەستەی ئاماری هەرێم: ئامارەکەی بەغدا لەبارەی دانیشتوانی هەرێم راست نییە
دەزگای ناوەندیی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق لە راپۆرتێکدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە، کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٣٨ملیۆن و١٢٤ھزار و١٨٢ کەسە و ھەرێمی کوردستان ١٥%ی دانیشتوانی عێراق پێک دەهێنێت، بەجۆرێک ھەولێر شەش لەسەد وسلێمانیش شەش لەسەد ودھۆکیش سێ لەسەدی دانشتوانی عێراق پێکدێنێت.
پەیوەست بەم پرسە، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی بڵاو کراوەتەوە سەرژمێریی دانیشتوان نییە و خەمڵێندراوە، چونکە لە ساڵی ١٩٨٧ـەوە تا ئێستا سەرژمێری نەکراوە، ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە خەمڵێندراوە و پشت بەو ژمارە و ئامارە بەستراوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ کراوە، جا بۆ ئەوەی بە مەزەندەیشەوە بووبێت بزانرێت ژمارەی خەڵکی کۆچبەر و مردوو و لەدایکبوو، چەندە.
سیروان محەمەد گوتیشی: "ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەو ئامارەی عێراق ھەیە و بەشداریمان تێدا نەکردووە، چونکە عێراق باسی مردن و کۆچ و لەدایکبوون و ئەوانەی نەکردووە و، ئێمە لە ئامارەکانی خۆماندا ھەموویمان باسمان کردووە؛ خۆی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ ئەو خەمڵاندنەی کردوومانە، ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم پێنج ملیۆن و٨٩٠ھەزار کەسە، کە ئەمە لە سەدا١٥ـی دانیشتوانی عێراق زۆر زیاترە و، ئەو ئامارەی ئەوان دروست نییە."
محەمەد باسی لەوەش کرد، ئەو خەمڵاندنە ئەوە ناگرێتەوە کە پشکی ١٧%ی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی عێراق دیاری دەکرێت، چونکە ئەو رێژەیە بە پێی رێککەوتنێکی سیاسی دانراوە تاوەکو سەرژمێرە گشتیەکەی عێراق دەکرێت..
kdp-
