دیندار زێباری: ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی دەرکردنی سزای سێدارە لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە
لە ڕاپۆرتەکەی "دیندار زێباری"دا هاتووە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدیھێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤ بە ئامانجێکی سەرەکی خۆی دەزانێت و لە یاسای ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٠٧ لە ماددەی (٢) بە ڕوونی دەڵێت: (ئامانجی حکوومەتی هەرێم بەدیھێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافی مرۆڤە لە ڕێگای داڕشتنی یاساکان و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەک لەگەڵ بەڵگەنامە و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤدا بگونجێت)، ئەو ئامانجەش لە کارەکانی دەزگاکانی وەزارەتی داددا ڕەنگی داوەتەوە و پێکھاتەکانی وەزارەتی داد بەتایبەتیش ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە رێزگرتن لە بنەماکانى مافى مرۆڤ د. دیندار زێبارى، رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتى "ھەبوونی یاسا یەکێکە لە پڕەنسیپە ھەرە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنیشی دادپەروەری و سەقامگیری بۆ سیستەمی گشتی دابین دەکات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەو پەیماننامانەی تایبەتن بە مافی مرۆڤ و بەرھەم ھاتوون خەسڵەتێکی یاساییان وەرگرتووە و خواستی ھەر تاکێکی کۆمەڵگایە لەژێر ڕۆشنایی ڕێساکانیدا بژیت و دان بە مافەکانی دابنرێت، بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەکی یەکسان، پێویستە یاسا ناوخۆییەکانیش بە شێوەیەک دابنرێن لەگەڵ کڕۆکی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێن".
سەرۆكی كۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە رەوشی لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە رێژەکە زۆر کەم بووەتەوە و تەنانەت لە هەندێک کەیسی تایبەت نەبێت، ئەم سزایە ناسەپێندرێت و جێبەجێ ناکرێت. سەبارەت بە یاسای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕای گەیاند: "هەرچەندە عێراق لە رێککەوتننامەکانی تایبەت بە نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان ئەندام نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەم سزایە زۆر بەرتەسک کراوەتەوە و رێژەی لەسێدارەدان بە رادەیەک کەم بووەتەوە کە دەتوانرێت کەیسەکان بژمێردرێت، ساڵی ٢٠٠٣ ماددەکانی تایبەت بە تاوانەکانی دژ بە ئەمنی ناوخۆیی و دەرەکی وڵات و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە یاساکانی ھەرێمی کوردستان لەکار خران بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ و یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٣ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٦ دەروازەی دووەم لە یاسای (اصول المحاکمات الجزائیە) خراوەتەوە کار کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان".
د. دیندار زێبارى گوتیشى: "لەبەر ئەوەی لەسێدارەدان سزایەکی نامرۆڤانەیە و لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت، لە ماددە (٦) پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسیدا ھاتووە: (دەبێت سزای لەسێدارەدان لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا بسەپێنرێت)، بەو مەرجانەی پەیمانەکە فەرزی کردووە، عێراق لە ساڵی ١٩٧١ ئەو پەیمانەی واژوو و پەسەند کردووە، دواتر پرۆتۆکۆلێکی ئیختیاری دەرچوو تایبەت بە سزای لەسێدارەدان، بەڵام عێراق واژووی نەکردووە و پەسەندی نەکردووە، بەپێی ئەو پەیمانەش عێراق سەرپێچی یاسای نێودەوڵەتی نەکردووە".
د. دیندار زێبارى لەبارەى دوایین ژمارە و ئامارى ئەوکەسانەى کە بە حوکمى لە سێدارەدان سزادراون لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان گوتى: لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر (17) کەس و لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى دهۆک (13) کەس و لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى (4) کەس بڕیارى لەسێدارەدانیان بۆ ساڵى 2017 بۆ دەرچووە بەبێ ئەوەى سزاکە ئەنجام بدرێت.
هەروەها د. دیندار زێبارى ئاماژەى کرد: لەکاتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان یاساى لە سێدارەدانیش جێبەجێ بکات ئەوا سەرپێچى لە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی(القانون الدولی الانسانی) نەکردووە و پێشێلى ناکات، چونکە تا ئێستا عێراق پرۆتۆکۆلی ئیختیاری دووەمی تایبەت بە سزای لەسێدارەدانی ھاوپێچ بە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسی پەسەند نەکردووە، ھەر کاتێکیش عیراق ئەو پرۆتۆکۆلەی پەسند کرد ئەوسا ھەرێمی کوردستان ئەگەر سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکات ئەوا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا زێباری گووتی" لە ساڵی ٢٠١٢ یاسای لێبووردنی گشتی دەرچووە، ئەو تاوانکارانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە سزاکەیان بۆ تا ھەتایی کەم کراوەتەوە، لە ساڵی٢٠١٤ لە ھەرێمی کوردستان ٢٥ حاڵەت ھەبووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە لەسەر تاوانی جیاجیا لەوانە تاوانی (کوشتنی بە ئەنقەست بە ماددەی ٤٠٦ و بردنی مرۆڤ بە ماددەی ٤٢٢ و دەستدرێژیکردنە سەر مەحرەم (اغتصاب و اللواطة) بە ماددەی٣٩٣ ".
د. دیندار زێبارى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتاییدا رای گەیاند: ئەو تاوانبارانەی کە سزاى لەسێدارەدانیشیان بۆ دەرچووە بە شێوەیەکى خودکردار (تلقائیا) بڕیارەکانیان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لە داواکاری گشتی و دادگای پێداچوونەوە، کە ھاوکات لەگەڵ بنەماکانی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافی شارستانی و سیاسی یەکدەگرنەوە بە شێوەیەکی گشتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە ئەو سزایە ھەڵبگیرێت".
باسنيوز
